ئه‌وروپائیسپانیاگرنگترین

وردەکاریی پڕۆژە نوێیەکەی ریال مەدرید و یوێفا ئاشكرا ده‌كرێت

په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی بێ به‌رامبه‌ر ده‌بێت

Yariga App

یاریگا –

لە وەرچەرخانێکی مێژوویی و چاوەڕواننەکراودا، یانەی ریاڵ مەدرید و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەوروپا لە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووی گفتوگۆدان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەیەک، کە تێیدا یارییەکانی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا بە شێوەیەکی بێ بەرامبەر بۆ هاندەران پەخش بکرێت.

یەک پلاتفۆرم بۆ هەمووان

رۆژنامه‌ی ڤۆز پۆپوولی ئاشكرایكردووه‌، پڕۆژەکە پێشنیاری دروستکردنی تەنیا یەک پلاتفۆرمی دیجیتاڵی دەکات، کە بەرپرسیار دەبێت لە پەخشی راستەوخۆی تەواوی یارییەکانی پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکان، لەوانە: خولی یانه‌ی پاڵەوانەکان ، یۆرۆپا لیگ و کۆنفرانس لیگ.

کۆتایی سەردەمی ئابوونەی مانگانە

ئەو مۆدێلە نوێیەی ریاڵ مەدرید پێشنیاری کردووە، باس لەوە دەکات کە سیستمی ئێستای ئابوونەی مانگانە  کۆن بووە و بووەتە بارگرانی لەسەر هاندەران.

سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید پێشنیازی  کردووه‌ سیستمێکی کراوە و ئازاد پەیڕەو بکرێت کە تێیدا داهاتی پەخشەکە لە رێگەی ریکلامە بازرگانییەکانەوە دابین بکرێت.

ئەم هەنگاوە ئامانجی بوژانەوەی کەرتی بازرگانی تۆپی پێی ئەوروپایە و دەیەوێت یارییەکان بۆ هەموو چین و توێژەکان دەستەبەر بکات بەبێ بەرامبەر.

دەستی راستی پێرێز لە پشت پڕۆژەکەیە

سەرچاوە هەواڵییەکان ئاشکرایان کردووە کە ئەنەس غراری، کە وەک دەستی راستی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی ریاڵ مەدرید ناسراوە، سەرکردایەتی ئەم گفتوگۆ چڕ و پێشکەوتووانە لەگەڵ یۆێفا دەکات.

ئەنەس یەکێکە لەو کەسانەی کە خاوەن دیدگایەکی ئابووری قووڵە بۆ داهاتووی تۆپی پێ و دەیەوێت ئەم گۆڕانکارییە گەورەیە بكات.

یۆێفا و ریاڵ مەدرید رێکدەکەون؟

ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ راکێشانی نەوەیه‌كی نوێ بەرەو تۆپی پێ، کە بەهۆی بەرزی نرخی کەناڵەكان و به‌شدرایكردنیی مانگانه‌ تا رادەیەک لە بینینی یارییەکان دوورکەوتوونەتەوە.

هەروەها ئەمە وەک وەڵامێکی زیرەکانە دەبینرێت بۆ پڕۆژەی سوپەر لیگ، بەجۆرێک کە یۆێفا و ریاڵ مەدرید دەیانەوێت پێکەوە سیستمێک دروست بکەن کە هەم جەماوەری بێت و هەم داهاتێکی خەیاڵی لە رێگەی ریکلامە جیهانییەکانەوە دەستەبەر بکات.

ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەربگرێت، گەورەترین وەرچەرخان دەبێت لە مێژووی پەخشی تەلەفزیۆنی یارییه‌كان و کۆتایی بە هەژموونی ئەو کەناڵە بازرگانییانە دەهێنێت کە بە پارەیەکی زۆر یارییەکان بە هاندەران دەفرۆشنەوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button