
یاریگا –
دوای ماڵئاواییکردنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە یانەکە، هانزی فلیک، چەند هەفتەیەکە فشاری بێوچان دەکات تاوەکوو تەواوی بودجەی مێرکاتۆی هاوینە بۆ کڕینی هێرشبەرێکی ناوازە تەرخانبکرێت، نەک هێڵی بەرگری.
فلیک کە بە دەگمەن لەسەر گرێبەستەکان بە ئاشکرا دەدوێت، ئەمجارە زۆر روون بوو و رایگەیاند؛
ئێمە پێویستمان بە هێرشبەرێکە کە بە تەواوی پەیوەست بێت بە تاکتیکی تیمەکەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا گۆڵکەرێکی بێبەزەیی بێت. بیرۆکەکانمان روونن، بەڵام دەبێت چاوەڕوانی بازاڕ بین. کارەکە ئاسان نابێت، بەڵام ئێمە باشترینی خۆمان دەکەین تاوەکوو وەرزی داهاتوو تیپێکی گەورەمان هەبێت.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، واقیعەکە بۆ بارسێلۆنا زۆر تاڵە؛ هەم بەهۆی تەنگژەی دارایی یانەکە و هەم بەهۆی بەرزبوونەوەی نائاسایی نرخەکان لە بازاڕی گواستنەوە کە بەهۆی مۆندیالی 2026ـەوە تادێت گرانتر دەبن.
خولیان ئالڤارێز؛ خەونە ئەستەمەکە
یەکەم هەنگاوی بارسێلۆنا بەرەو خولیان ئالڤارێز ئەرجەنتینی و ئەستێرەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بوو، بەڵام لە ناوخۆی یانەکە چیدیکە ئومێدێک بەم گرێبەستە نەماوە. ئاتلێتیکۆ تەنیا لە حاڵەتێکدا قسە دەکات کە گەورەترین و گرانترین گرێبەستی مێژووی تۆپی پێی پێشکەش بکرێت. بارسێلۆنا ئامادەیە تەنیا 100 ملیۆن یۆرۆ بدات و پێیوایە پێدانی بڕی زیاتر، دووبارەکردنەوەی هەڵە کوشندەکەی کڕینی گریزمان دەبێت. هاتنە ناوەوەی پاریس سان جێرمانیش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە و تەنیا یاخیبوونی خودی یاریزانەکە دەتوانێت هاوکێشەکە بگۆڕێت.
جواو پێدرۆ؛ کارتی نهێنیی دیکۆ
دوای ساردبوونەوەی دۆسیەی ئالڤارێز، دیکۆ، کارەکانی بۆ گواستنەوەی جواو پێدرۆی هێرشبەری چێڵسی خێرا کردووە، کە گڵۆپی سەوزی لە فلیکەوە وەرگرتووە. پێدرۆ یاریزانێکی گەنجی خاوەن پڕۆژەیە و بە تەواوی لەگەڵ شێوازی کاتالوونییەکان دەگونجێت، ئێستا چێڵسی نایەوێت بیفرۆشێت، بەڵام یانە لەندەنییەکە ناچارە بۆ رێکخستنی داراییەکەی دەستبەرداری چەند یاریزانێک بێت؛ بارسێلۆنا دەیەوێت لێرەدا یاریی ئارامی و کات بکات، تەنانەت ئامادەیە یاریزانێکیش بخاتە ناو گرێبەستەکەوە.
مەرمووش، ئۆسیمین و لاوتارۆ؛ بژاردەکانی سەر مێز
لە پشت پەردەوە، سێ ناوی دیکەش لەسەر مێزی کارگێڕیی بلاوگرانا دەسوڕێنەوە؛
عومەر مەرمووش – مانچێستەر سیتی؛ یاریزانەکە شێت و شەیدای بارسایە و کە لە سیتی وەکوو جێگرەوەی ئێرلینگ هاڵاند سەیر دەکرێت، دەیەوێت بچێتە تیمێک کە تێیدا یاریزانی سەرەکی بێت. فلیک لە سەردەمی بۆندسلیگاوە بەم هێرشبەرە میسرییە سەرسامە.
ڤیکتۆر ئۆسیمین – گاڵاتاسەرای؛ ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات و لە تورکیا ئاسوودەیە، بەڵام پێشنیارێکی فەرمی لە بارسێلۆناوە دەتوانێت هەموو شتێک سەرەوژێر بکات.
لاوتارۆ مارتینێز – ئینتەر میلان؛ گفتوگۆ لەگەڵ ئینتەر وەکوو تێپەڕبوونە بەنێو دۆزەخدا، چونکە یانەکە لاوتارۆ بە هێڵی سوور دەزانن و تەنیا بە نرخێکی سەرشێتانە دەستبەرداری دەبن.
بارسێلۆنا لەبەردەم ستراتیژیترین و گرنگترین ئۆپەراسیۆنی ساڵانی رابردوودایە؛ هەموو پڕۆژەکانی دیکە راگیراون تاوەکوو پرسی ژمارە 9 یەکلایی دەبێتەوە، بەڵام وەکوو چۆن کڕینی لیڤاندۆڤسکی دوو مانگ گفتوگۆی پشوودرێژانەی ویست، هاندەرانی بارساش دەبێت بۆ ئەم هاوینە ئارام بگرن.



