
یاریگا –
لە دوای کۆتا یاریی یانەی بێنفیکا بەرامبەر ئيستۆریل، خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رووبەڕووی لێشاوی پرسیارەکان بووەوە سەبارەت بە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ ریال مەدرید.
سەرەڕای ئەوەی جۆزێ رەتیکردەوە هیچ رێککەوتنێکی فەرمی هەبێت، بەڵام لێدوانەکانی ئاماژەیەکی روون بوون بۆ بوونی دانوستان لە نێوان هەردوولادا.
کەس گەمژە نییە؛ مێندێش لە گفتوگۆدایە
مۆرینیۆ سەبارەت بە دەنگۆی پەیوەندیکردنی بە یانەی شاهانەوە گوتی؛
تاوەکوو ئێستا هیچ شتێکم لە ریال مەدریدەوە نەبیستووە و هیچ گرێبەستێک واژۆ نەکراوە. هیچ گفتوگۆیەکم لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید نەکردووە، بەڵام هیچ یەکێکمان گەمژە نین، ئاشکرایە کە گفتوگۆ لە نێوان خۆرخێ مێندێش و کارگێڕیی ریال مەدرید هەیە.
راهێنەرە پورتوگالییەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە مێندێش پێی وتووە کە دەکرێت دۆخێکی راستەقینە و جدی لەگەڵ ریال مەدرید هەبێت، با چاوەڕێبکەین.
پارە گرنگ نییە، بەڵکوو پڕۆژەکە گرنگە
سەبارەت بە مەرجەکانی بۆ قبووڵکردنی ئۆفەری مەدرید، مۆرینیۆ زۆر راشکاو بوو؛
بابەتەکە پەیوەندی بە ئۆفەرەکەوە هەیە، بەوەی ئەوان چییان لە من دەوێت. ئێمە باسی زۆری و کەمی یۆرۆ ناکەین، بەڵکوو باسی ئەوە دەکەین ئایا من لە دۆخێکدام بتوانم ئەوە جێبەجێبکەم کە ئەوان پێشنیاری دەکەن؟ دەمەوێت کاتم هەبێت بۆ شیکردنەوە و بیرکردنەوە.
دڵسۆزی بۆ بێنفیکا و چاوەڕوانییەکانی داهاتوو
لەلایەکی دیکەوە، سپێشەڵ وەن ستایشی بێنفیکای کرد و ئاشکرایکرد کە ئۆفەرێکی زۆر باشی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێگەیشتووە و وەرزی رابردوو هەموو رۆژێک لەو یانەیە دڵخۆش بووە. سەبارەت بە ریاڵ مەدریدیش، ئاماژەی بەوە کرد کە ئێستا ئالڤارۆ ئاربێلوا راهێنەری تیپەکەیە و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە یارییەکەی داهاتووی.
لە کۆتاییدا مۆرینیۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەو چەند رۆژێک مۆڵەتی هەیە بۆ بڕیاردان و تاوەکوو ئەوکاتە وەکوو راهێنەری بێنفیکا دەمێنێتەوە، بەڵام دەرگاکانی بۆ داهاتوویەکی نوێ بە تەواوی کراوەیە.



