ئیسپانیاگرنگترین

تەواو؛ کاپتنێکی ریال مەدرید لە کۆتایی وەرز یانەکە جێدەهێڵێت

گرێبەستەکەی کۆتایی دێت

Yariga App

یاریگا –

کاپتنەکەی ریال مەدرید دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە هاویندا یانەکە جێدەهێڵێت.

دانی کارڤاخال، کاپتنی یانەی ریال مەدرید، بڕیارە لەم هاوینەدا دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە یانەکە بڕوات. بەرگریکارە 34 ساڵە کە بۆ ماوەی 13 وەرزی رابردوو کۆڵەکەیەکی سەرەکی پێکهاتەی یەکەمی مەدرید بووە، وەکوو یاریزانێکی ئازاد یانە ئیسپانییەکە جێدەهێڵێت.

سەرچاوە نزیکەکان لە کارڤاخال دەڵێن؛ ئەو ئاگاداری بڕیاری یانەکەیە کە نایانەوێت گرێبەستەکەی نوێ بکەنەوە. داهاتووی کارڤاخال لەم وەرزەدا بەهۆی پێکانە بەردەوامەکان و لەدەستدانی پێگەی سەرەکی خۆی وەکوو بەرگریکاری لای راست بۆ ترێنت ئالێکساندەر-ئاڕنۆڵد، ناڕوون بوو.

تۆڕی ئاتلێتیک، لە مانگی نیساندا بڵاوی کردەوە کە کارڤاخال بۆ داهاتووی لە دەرەوەی مەدرید چەند بژاردەیەکی لەبەرچاو گرتووە. سەرچاوەکان دەڵێن چوونی بۆ عەرەبستانی سعوودی یان هەر وڵاتێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئێستا قورسە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامی دۆخی گرژی ئەو ناوچەیە. خۆسێلوی زاوای (هاوتیمی پێشووی لە ریال مەدرید)، ئەویش لەم هاوینەدا کاتێک گرێبەستەکەی کۆتایی دێت لە یانەی غەرافەی قەتەری دەڕوات.

دانی کارڤاخال

مێژووی پێکانەکان و لێدوانەکەی ئاربێلۆا

کارڤاخال کە 26 نازناوی لەگەڵ مەدرید بەدەست هێناوە، لەوانەش 4 نازناوی لا لیگا و 6 چامپیۆنزلیگ، لە تشرینی یەکەمی 2024 دوای پچڕانی بەستەری پێشەوە و بەستەری تەنیشتیی ئەژنۆی راستی، بۆ ماوەی 9 مانگ لە یاریگاکان دوورکەوتەوە.

لەم وەرزەشدا تووشی چەندین پێکانی دیکە بووەوە و لە دوای نەشتەرگەرییەکەی لە مانگی کانوونی یەکەمدا، تەنیا لە دوو یارییدا توانیویەتی 90 خولەکی تەواوی یاری بکات.

لەم بارەیەوە، ئالڤارۆ ئاربێلوای راهێنەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیاندا لە مانگی نیساندا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو کاتی یاریکردنی زیاتر بە کارڤاخال نادات تەنیا بۆ ئەوەی هیوای بەشداریکردنی لە مۆندیالی هاوینەدا لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا زیاتر بکات و گوتی:

من 23 یاریزانم هەیە. هەر یاریزانێکی ریال مەدرید دەرفەتی چوونی بۆ مۆندیال هەیە و ئەگەر رێگەم پێبدەن، من بیر لەوە دەکەمەوە کە چی بۆ تیمەکەم باشترینە.

ئاربێلۆا دواتر لێدوانە توندەکەی خۆی روون کردەوە و گوتی ئەم لێدوانەی ئاراستەی دانی کارڤاخال بە کەسی نەکراوە و بەرگریکارەکە بۆ مەدرید یەکجار گرنگە و دەبێت بۆ ئیسپانیاش هێندە گرنگ بێت.

کارڤاخال لە 2002 و لە تەمەنی 10 ساڵیدا هاتە ریال مەدرید و 23 وەرز لە یانەکە مایەوە (تەنیا وەرزی 2012-2013 لە بایەر لیڤەرکوزن بوو). دانی 448 یاریی بۆ تیپی یەکەم کردووە، بەڵام لە سەرەتای وەرزی 2024-2025ـەوە بەهۆی پێکانەکانی ئەژنۆوە تەنیا 32 یاری کردووە و لەم وەرزەشدا تەنیا لە 8 یاریی لا لیگادا سەرەکی بووە.

کارڤاخال لە کاتێکدا سانتیاگۆ بێرنابیۆ جێدەهێڵێت کە یانەکە دوو وەرزە لەسەریەک بەبێ نازناوی گەورە دەردەچێت؛ دوای ئەوەی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا بە بایرن میونشن دۆڕان و لە خولی نێوخۆشدا بۆ دووەم وەرز لەسەریەک لە دوای بارسێلۆنا بوون. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش 52 یاریی بۆ ئیسپانیا کردووە و یارمەتی وڵاتەکەیداوە نازناوی یۆرۆی 2024 ببەنەوە.

دانی کارڤاخاڵ، کاپتنی ریال مەدرید

کۆتایی سەردەمێکی زێڕین و میراتی کارڤاخال

شیکردنەوەی ماریۆ کۆرتێگانا سانتۆس

زۆر قورسە ئەو شتانەی دانی کارڤاخال بەدەستی هێناون و ئەو مێژوویەی لە ریال مەدرید جێی دەهێڵێت بە وشە دەرببڕدرێت. بەڵام راستییەکان خۆیان قسە دەکەن: ئەو کوڕەی کە (بە مانای وشە) یەکەم بەردی بناخەی سەنتەری مەشقیی ڤالدێبێباسی دانا، وەکوو کاپتن یانەی ژیانی خۆی جێدەهێڵێت، کاتێک 4 نازناوی لا لیگا و 6 چامپیۆنزلیگی هەیە. ئەو نموونەیەکی باڵایە بۆ یاریزانانی ئەکادیمیا. وەکوو هەر کۆتاییەک، دڵتەنگییەکی زۆر هەیە، چونکە پێکانەکان رێگەیان نەدا مێژووەکەی زیاتر بچەسپێنێت، بەڵام ئەم چەند مانگەی کۆتایی هیچ لەو مێژووە گەورەیە کەم ناکەنەوە.

شیکردنەوەی کۆلین میلار:

دوو ساڵ لەمەوبەر، کارڤاخال رۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پاڵەوانبوونی ریال مەدرید و ئیسپانیا لە ئەوروپادا. گۆڵی یەکەمی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر دۆرتمۆند کرد و لە یۆرۆی 2024 خۆی وەکوو باشترین بەرگریکاری لای راستی جیهان چەسپاند. بەڵام لەو کاتەوە، پێکانە سەختەکەی ئەژنۆ و کێشە جەستەییەکان وایانکرد پێگەکەی لە مەدرید و ئیسپانیا لەدەست بدات. ئێستا ئالێکساندەر-ئاڕنۆڵد بووەتە یاریزانی سەرەکی مەدرید و پێدرۆ پۆرۆش لە هەڵبژاردەی ئیسپانیا. بۆیە رۆیشتنی کارڤاخال لەم کاتەدا، هەرچەندە پڕ لە خەمباریی دەبێت، بەڵام بڕیارێکی گونجاو و دروستە.

بابەتی زیاتر

Back to top button