
یاریگا –
ئێنریکێ ریکێلمی بۆ کێبڕکێکردنی پێرێز لە هەڵبژاردنەکانی ریال مەدرید ئامادەکاری دەکات.
ئێنریکێ ریکێلمی، بازرگانی خەڵکی شاری ئالیکانتێ و خاوەنی کۆمپانیای Cox Energy، بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی بۆ ئەگەری خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی ریال مەدرید پێش کۆتایی هاتنی وادەی دیاریکراو لە 23ـی ئایاردا.
بەگوێرەی سەرچاوە نزیکەکان لە خۆیەوە کە رۆژنامەی ئاس بڵاوی کردووەتەوە، ریکێلمی نزیکە لە تەواوکردنی هەموو مەرجە پێویستەکان بۆ پێشکەشکردنی فەرمیی بەربژێرێتییەکەی و بەڕێوەبردنی کەمپینێکی جدی. هەمان ئەو سەرچاوانە دەڵێن ئەو زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەم بیرۆکەیە و ئێستا هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە بڕیاریی کۆتایی کەسیی خۆیەوە: ئایا دەچێتە نێو ئەم هەڵبژاردنانەوە یان چاوەڕێی دەرفەتێکی باشتر دەکات لە داهاتوودا.
راپۆرتەکە دەڵێت نە دڵنیایی دارایی پێویست بۆ خۆبەربژێرکردن و نە پڕۆژە وەرزشییەکە، لەم قۆناخەدا بۆ ئەو کێشە نین. لە چەند رۆژی داهاتوودا، ریکێلمی پلان دادەنێت بە وردی بیر بکاتەوە، لەگەڵ خێزانەکەی و هاوبەشە نزیکەکانی قسە بکات و پاشان بڕیاری کۆتایی بدات.

راگەیاندنی پێشوەختی هەڵبژاردنەکان وەکوو دەگوترێت لەو کاتەدا پێی زانراوە کاتێک ئەو خەریکی کۆتایی هێنان بە گرێبەستێکی بازرگانی بووە لە پەنەما. دوای جێبەجێکردنی پابەندبوونێکی دیکە لە مەکسیک، بە فڕۆکە گەڕایەوە بۆ مەدرید، لەوێ لە چەند کاتژمێری رابردوودا کۆبوونەوەی چڕی لەگەڵ تیمەکەی کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە وردەکارییەکانی ئەگەریی بەربژێربوونی خۆی.
کاتێک لە مەکسیک بوو، ریکێڵمی سەبارەت بەم دۆخە گوتی:
ریال مەدرید ئێستا لە باشترین ساتەکانی خۆیدا نییە. هەڵبژاردنەکان تیۆرییانە پلان داڕێژرابوو بۆ ساڵی 2028 بەڕێوە بچن، بەڵام پێش خراون. وەکوو هاندەرێکی مەدرید، من هەمیشە ئامادەم بۆ خزمەتکردنی ریال مەدرید و هەر شتێکیش بکەم بە بیرکردنەوە دەبێت لەوەی کە چی بۆ یانەکە باشترینە.
سەرەتای ئەم هەفتەیە، ریکێلمی نامەیەکی کراوەی بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز نارد. لەو نامەیەدا، رێزی خۆی بۆ فلۆرێنتینۆ و هەموو ئەو شتانەی کە لە ریال مەدرید بەدەستی هێناون دەربڕی، بەڵام هاوکات داوای کۆبوونەوەیەکی کەسیی کرد بۆ تاوتێکردنی درێژکردنەوەی خشتەی کاتیی هەڵبژاردنەکان، بەو پاساوەی کە ئەمە هانی “بەشداریی راستەقینەی ئەندامانی یانەکە و هاندەرانی مەدرید” دەدات.
فلۆرێنتینۆ لە کاتی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ جۆسێپ پێدرێرۆڵ وەڵامی دایەوە:
کاتێک لە ساڵی 2000 بانگەواز بۆ هەڵبژاردن کرا، من داوام نەکرد دوابخرێت. خۆم بەربژێر کرد و بردمەوە.
‘پاشای خۆر’ کێیە؟
ریکێڵمی سەرۆک و خاوەنی 75%ـی کۆمپانیای وزەی نوێبووەوەی Cox Energyـە، کە نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر لە مەکسیک دایمەزراندووە. کۆمپانیاکە ئێستا نزیکەی 15,000 فەرمانبەری هەیە و لە 30 وڵاتدا کار دەکات.
ریکێلمی لە ناوەندە داراییەکاندا بە ‘پاشای خۆر’ ناسراوە و لەم دواییانەدا کڕینی کۆمپانیای Iberdrola Mexicoـی بە بڕی 4 ملیار دۆلار کۆتایی پێ هێنا.
ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەو ئارەزووی خۆی بۆ سیاسەتی ریال مەدرید نیشان دەدات. لە ساڵی 2021 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ El Confidencial ئاماژەی بە ئەگەری خۆبەربژێرکردنی کردبوو و گوتبووی:
چ ئێستا بێت یاخود لە داهاتوودا، من دەمەوێت تاقیی بکەمەوە.

هەرچەندە ئەو هیچ جووڵەیەکی ئاشکرای بەرەو هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2025 نەکرد، بەڵام کەسە نزیکەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو چەند ساڵێکە بە بێدەنگی لەسەر ئەم بیرۆکەیە کار دەکات و زۆربەی کارەکانی ئامادەکاری لە پێشتردا کراون.
ئێستا، دوای ئەوەی پێرێز بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو هەڵبژاردنەکانی پێش خست، ریکێلمی وەکوو دەگوترێت زۆر نزیکە لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا بە فەرمی دێتە نێو کێبڕکێکەوە یان نا. بەگوێرە وتارەکە، چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا بڕیارەکەی رابگەیەنێت.



