رۆژنامەی ئاس وردەکاریی ئەو 7 لالیگایە بڵاودەکاتەوە کە فلۆرێنتینۆ پێرێز دەڵێت لێم دزراون
19 پێناڵتی بەرامبەر 9 پێناڵتی! ئامارە شۆکەرهێنەرەکانی ئەو وەرزانەی ریال مەدرید نازناوەکەی تێدا دۆڕاندووە

یاریگا –
کاتێک فلۆرێنتینۆ پێرێز لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا گوتی؛ “7 لالیگام بردووەتەوە، دەبوو 14ـم هەبێت، بەڵام لێیان دزیوم”، ئەوە تەنیا قسە نەبوو، بەڵکوو ئاماژەی بە راپۆرتێکی گەورە دەکرد کە بڕیارە ئاڕاستەی یۆفا بکرێت.
راپۆرتەکە پشت بەو 8.4 ملیۆن یۆرۆیە دەبەستێت کە بارسێلۆنا لە ماوەی 17 ساڵدا داویەتی بە خۆسێ ماریا نێگریێرا، جێگری سەرۆکی پێشووی لیژنەی ناوبژیوانان.
ئالڤارۆ ئاربێلواش بە ئاشکرا گوتی؛ “هەموومان دەزانین لەم 20 ساڵەی رابردوودا چی روویداوە”. رۆژنامەی ئاس لە راپۆرتێکدا ئەو 7 وەرزەی خستووەتە روو کە ریال مەدرید بەهۆی ناوبژیوانانەوە نازناوەکەی لەدەستداوە.

وەرزی 2004-2005؛ دەستپێکی سەردەمی ڤیاریتۆ، بارسێلۆنا بە 84 خاڵ بووە پاڵەوان و ریال مەدرید 80 خاڵی هەبوو. لەم وەرزەدا بارسێلۆنا 10 پێناڵتی بۆ هەژمار کرا [دوو هێندەی ریال مەدرید]، رکابەرەکانی مێرێنگی تەنیا نیوەی ئەو کارتە سوورانەیان وەرگرت کە رکابەرەکانی بارسێلۆنا وەریانگرت.
وەرزی 2009-2010؛ لالیگاکەی پێلیگرینی. سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید 96 خاڵی کۆکردەوە، بەڵام بارسێلۆنا بە 99 خاڵ نازناوەکەی برد. مێرێنگی سکاڵای لە ناوبژیوانی یارییەکانی دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر ئۆساسونا، بیلباو و سێڤییا هەبوو.
وەرزی 2010-2011؛ یەکەم وەرزی جۆزێ مۆرینیۆ. ریال مەدرید 92 خاڵی هێنا و بارسێلۆنا 96 خاڵ. مۆرینیۆ بەناوبانگترین لیستی بڵاوکردەوە بە ناوی 13 هەڵەکەی کارلۆس گۆمێز. لەم وەرزەدا لۆس بلانکۆس 7 کارتی سووری پێدرا، لە کاتێکدا بارسا تەنیا 2 کارتی سووری وەرگرت.
وەرزی 2014-2015؛ ریال مەدرید تەنیا بە جیاوازی دوو خاڵ نازناوەکەی دۆڕاند. یانەی شاهانە پێی وابوو ناوبژیوانان رۆڵی گەورەیان هەبوو لەو دوو دۆڕانەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دووچاریان بوو.
وەرزی 2015-2016؛ وەرزی پێناڵتییە ئابڕووبەرەکان. ریال مەدرید بە جیاوازی یەک خاڵ نازناوەکەی دۆڕاند. لەم وەرزەدا بارسێلۆنا 19 پێناڵتی بۆ هەژمار کرا و تەنیا یەک پێناڵتی لەسەر گیرا! لە بەرامبەردا یانەی شاهانە تەنیا 9 پێناڵتی بۆ گیرا.
وەرزی 2020-2021؛ لالیگای سەردەمی کۆرۆنا. ئەو وەرزەی بە پێناڵتییە دروستکراوەکەی سەر میلیتاو بەرامبەر سێڤییا یەکلایی بووەوە، لەگەڵ هەژمارنەکردنی پێنالتییەکی روون لەسەر فلیپێی لویس، یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید.
وەرزی 2024-2025؛ ئەم وەرزەی کە ئانچێلۆتی بەهۆی سێ یاریی کارەساتبارەوە بەرامبەر ئیسپانیۆل، ئاتلێتیکۆ و ئۆساسونا جیاوازییە 7 خاڵییەکەی لەدەستدا و پێناڵتی و کارتی سووری گوماناوی خولەکەیان رادەستی بارسێلۆنا کرد.



