
یاریگا –
یانەی ریال مەدرید بەیاننامەیەکی فەرمی دەربارەی ئەو کۆنسێرتانە بڵاوکردەوە کە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام دراون، کە بابەتەکە لەژێر لێکۆڵینەوەی یاساییدا بووە.
یانەکە رایگەیاند کە “لە کەیسی کۆنسێرتەکانی بێرنابیۆدا دادگا لە بەرژەوەندیی ریال مەدرید بڕیاریدا”. مەدرید لە بەیاننامەکەدا روونی کردەوە کە دادگای تێهەڵچوونەوەی مەدرید، بەتایبەت بەشی 3، ئەمڕۆ بڕیارێکی دەرکرد و تێیدا بە تەواوی ئەو تانانەی قبووڵ کرد کە لەلایەن خۆسێ ئانخێل سانچێز پێریانیێز و کۆمپانیای Real Madrid Estadio S.L پێشکەش کرابوون. داواکاری گشتیش بەهەمان شێوە پشتگیریی لەو تانانە کردبوو.
ئەم تانانە دژی بڕیارێکی 15ـی کانوونی دووەمی 2026ـی دادگای لێکۆڵینەوەی ژمارە 53ـی مەدرید پێشکەش کرابوون، کە فەرمانی دابوو بە بەردەوامبوونی رێکارە تاوانکارییەکان پەیوەست بەو کۆنسێرتانەی لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ ئەنجام درابوون.
Comunicado oficial: la Justicia da la razón al Real Madrid en el caso de los conciertos en el Bernabéu.
— Real Madrid C.F. (@realmadrid) May 13, 2026
بەگوتەی ریال مەدرید، بڕیارە نوێیەکەی دادگا بە روونی ئاماژە بەوە دەکات کە نە خۆسێ ئانخێل سانچێزی بەڕێوەبەری گشتی و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەکە و نە کۆمپانیای Real Madrid Estadio S.L، هیچ تاوانێکیان پەیوەست بە کۆنسێرتەکان ئەنجام نەداوە، بۆیە دادگا فەرمانی بە داخستنی یەکجاریی کەیسە تاوانکارییەکە لە دژیاندا.
بڕیارەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە بەرپرسیارییەتی کۆنترۆڵکردنی ئاستی دەنگ، لە ئەستۆی ئەو کۆمپانیا رێکخەرانەدایە کە یاریگاکە بەکرێ دەگرن، چونکە ئەوانن کۆنسێرتەکان رێک دەخەن و بەڕێوەی دەبەن. ئەم کۆمپانیایانە بەرپرسن لە رێزگرتن لەو سنوورانەی دەنگ کە لەلایەن رێساکانی شارەوانی مەدریدەوە دەربارەی تاوانی دەنگ و گەرمی لە 25ـی شوباتی 2011 دیاری کراون.

دادگا تێبینی ئەوەشی کردووە کە تەنیا پێشێلکردنی رێسایەکی کارگێڕیی ژینگەیی، بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی رەوایەتی نادات بە دادگاییکردنی تاوانکاری.
لە بەشی کۆتایی بەیاننامەکەدا، ریال مەدرید خۆشحاڵی خۆی بە بڕیارەکە دەربڕی و گوتی کە ئەمە دەیسەلمێنێت ئەو سکاڵایەی لەلایەن “کۆمەڵەی گەڕەکی کەسانی زیانلێکەوتووی بێرنابیۆ” و شەش دانیشتووی ناوچەکەوە پێشکەش کرابوو “بە تەواوی بێبنەما و ئامرازێک بوو بۆ مەبەستی دیکە.”
یانەکە بە دووپاتکردنەوەی متمانەی خۆی بە سیستمی دادوەری کۆتایی بە بەیاننامەکە هێنا و رایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە هاوکاریی دەسەڵاتداران لە هەر کاتێکدا کە پێویست بکات.



