
یاریگا –
تۆنی کرووس، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید، لە نوێترین لێدوانیدا پەردە لەسەر هۆکارە راستەقینەکانی شکستی مێرێنگێ لە کلاسیکۆ و لەدەستدانی نازناوی لالیگا لادەدات.
کرووس پێی وایە ئەو ئەنجامانەی دەبینرێن تەنیا رەنگدانەوەی کێشە ناوخۆییەکانی یانەکەن، ئەنجامەکانی نێو یاریگا تەنیا پەیوەندییان بە نێو یاریگاوە نییە، بەڵکوو قووڵایی کێشە کارگێڕی و تاکتیکییەکانی یانەکە دەخەنەڕوو.
دۆخی ناوخۆیی؛ کێشەیەک لە پێش فیکەی دەستپێک
کرووس پێی وایە ئەو دۆڕانە قورسەی بەرامبەر بارسێلۆنا روویدا، پێشوەختە چاوەڕوانکراو بوو.
ئەنجامەکان دەرئەنجامی پەیوەندییە ناوخۆییە لاوازەکانن. دۆڕانەکە پێش دەستپێکردنی یارییەکە یەکلایی ببووەوە؛ پێموایە یاریزانەکان پێش دەستپێکردنی کلاسیکۆ بەو ئەنجامە رازی دەبوون.
ئەمە ئاماژەیەکی روونە بۆ ئەوەی کە ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید، ئێستا یەکگرتوو نییە و یاریزانەکان بڕوایان بە سەرکەوتن نەماوە. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژە بەوە دەکات تەواوی ئەم وەرزەی ریال مەدرید نائاسایی بووە.
پێشتر هەرگیز ئەو هەستەم نەبووە تەواو دڵنیام بم بارسێلۆنا کلاسیکۆ دەباتەوە، تەنانەت ئەو وەرزانەی لە ئێمەش باشتربوون.
ترسی شکستێکی گەورەتر
بەگوێرەی شیکردنەوەکەی کرووس، ریال مەدرید لە رووی دەروونی و جەستەییەوە لە بارودۆخێکدا نەبووە بەرگەی زەبری بارسێلۆنا بگرێت. کێشەکانی نێو ژووری خۆگۆڕین و ئەو دۆخەی فێدی ڤاڵڤێردی تێیکەوتووە، وایکردووە تیمەکە تەنیا بیر لەوە بکاتەوە چۆن لە شکستێکی مێژوویی رزگاری بێت، نەک چۆن یارییەکە بباتەوە.
پێموایە ئەنجامی 2-0.. ترسێک بوو کە لەم وەرزەدا هەمانبوو. بەهۆی هەموو ئەو پێکانانەی هەمانە و ئەو دۆخەی کە لەم هەفتەیەدا بەسەر ڤاڵڤێردیدا هات، هەمیشە مەترسی ئەوە هەبوو کە بە تەواوی تێکبشکێین.
جیاوازیی نێوان ناو و سیستەم؛ وانەیەک لە بارساوە
کرووس دەستی خستە سەر خاڵێکی زۆر هەستیار کە جیاوازیی فەلسەفەی هانزی فلیک و دۆخی ئێستای ریال مەدریدە. ئەو ئاماژەی بە گۆڵی دووەمی بارسێلۆنا کرد کە لەلایەن دانی ئۆلمۆ و فێران تۆرێسەوە دروستکرا.
ئەم گۆڵە جیاوازیی نێوان هەردوو یانەمان پێشان دەدات. ئۆلمۆ و فێران رەنگە یاریزانی سەرەکی نەبن ئەگەر هەمووان ئامادەبن، بەڵام ناوەکان لای بارسا گرنگ نین؛ گرنگ ئەوەیە ئەوان پلانێکی یاریی روون و شێوازێکی جووڵەی مەشقپێکراویان هەیە.
بەرگری لە کۆرتوا بەرامبەر گۆڵەکەی راشفۆرد
سەبارەت بەو گۆڵەی مارکۆس راشفۆرد لە تیبو کۆرتوای کرد، کرووس بەرگریی لە هاوڕێکەی پێشووی دەکات.
ناتوانیت بڵێیت کۆرتوا دەیتوانی زیاتر بکات. لێدانێکی سەرسوڕهێنەر بوو لە شوێنێکی زۆر تەنگەوە. هەرچەندە کۆرتوا هەنگاوێکی بەرەو ستوونی ئەولا نا، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئەو بەرپرس نییە لەو گۆڵە.
ئاردا گولەر؛ پاشای داهاتوو لە شوێنی هەڵەدا!
کرووس بە وردی باسی لە بەهرەمەند، ئاردا گولەر کرد و پێی وایە ریال مەدرید هێشتا نەیزانیوە چۆن بەکاریبهێنێت.
ئاردا یاریزانی داهاتووە و زۆر گرنگ دەبێت، بەڵام باشترین شوێنی ئەو ژمارە 10ـیە لە نزیک گۆڵ. ئەو پاسی کۆتایی زۆر نایابە، بۆیە پێویستە نزیک بێت لە هێرشبەران. کاتێک لە ناوەڕاستی یاریگادا یاریی دەکات، بەشێکی زۆر لە تواناکانی لەدەستدەدات.



