ئیسپانیاگرنگترین

هەرگیز ئەو ساتەم بیر ناچێتەوە؛ فلیک هەڵوێستی یاریزانانی بارسێلۆنا لەدوای هەواڵی مردنی باوکی ئاشکرا دەکات

"بارسێلۆنا بۆ من تەنیا یانە نییە، خێزانێکی راستەقینەیە"

Yariga App

یاریگا –

لە جیهانی تۆپی پێدا، زۆرجار ئەنجام و تەکتیکەکان هەموو شتێک دەشارنەوە، بەڵام هەندێک سات هەن رەهەندە مرۆییەکان دەبنە ناوەندی باسەکە.

هانزی فلیک، ئەو راهێنەرە ئەڵمانییەی کە بە بێدەنگی و کارکردنی توند ناسراوە، لە لێدوانێکی کاریگەر و مێژووییدا، باس لەوە دەکات کە چۆن بارسێلۆنا لە یانەیەکی تۆپی پێوە بۆ ئەو بووەتە خێزانێکی راستەقینە.

شەوی رابردوو بارسێلۆنا لە کلاسیکۆی زەوی میوانداریی ریال مەدریدی کرد و 2-0 یارییەکەی لە بەرژەوەندی خۆی بردەوە، هەروەها نازناوی لالیگاشیی یەکلایی کردەوە.

لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە، فلیک کە ئەو رۆژە باوکی کۆچی دواییکردبوو، بە گێڕانەوەی چیرۆکێکی خەمناک دەستیپێکرد.

ئەم بەیانییە دایکم تەلەفۆنی بۆ کردم و هەواڵێکی ناخۆشی پێدام؛ باوکم کۆچی دوایی کردبوو.


فلیک لە نێوان ئەرکە پیشەگەرەییەکەی و خەمە مرۆییەکەیدا تووشی دوودڵی دەبێت؛

بیرم کردەوە، ئەم خەمە لە دڵمدا بشارمەوە یان بە یاریزانەکانم بڵێم؟ بەڵام چونکە ئەوان وەکوو خێزانی خۆم دەبینم، بڕیارمدا راستییەکەیان پێ بڵێم.

کاردانەوەی یاریزانانی بارسێلۆنا

ئەوەی لە دوای ئەو هەواڵە لە ژووری خۆگۆڕینی بارسێلۆنا روویداوە، بۆ فلیک تەنیا کاردانەوەیەکی ئاسایی نەبووە، بە شانازییەوە دەڵێت؛

ئەوەی یاریزانەکان بۆیان کردم، باوەڕپێنەکراو بوو. هەرگیز ئەو ساتە و ئەو پاڵپشتییە گەورەیەم بیرناچێتەوە، ئێستا بە یەک بە یەکی ئەو یاریزانانە و ستافەکەم و تەواوی یانەکە شانازی دەکەم.

فەلسەفەی کارکردن؛ راهێنان پێش هەموو شتێک

سەرەڕای کۆستە گەورەکەی، فلیک جەخت لەسەر بنەما سەرەکییەکانی سەرکەوتن دەکاتەوە. لای ئەو، یاریگای راهێنان پیرۆزترین شوێنە؛

ئەوەی لە کاتی راهێنانەکاندا دەیبینم، باشترین شتە کە راهێنەرێک ئاواتی بۆ بخوازێت.

ئەو پێی وایە ئەو کەشە خێزانییەی لە یانەکە و لە شاری بارسێلۆنا بۆی رەخساوە، کلیلی ئەو ئاستە بەرزەیە کە تیمەکە پێشکەشی دەکات.

چاوەکان لەسەر چامپیۆنزلیگ؛ بەڵێن بۆ وەرزی داهاتوو

راهێنەرە ئەڵمانییەکە بەم پەیامە سۆزدارییەوە ناوەستێت، بەڵکوو ئامانجە گەورەکە بۆ هاندەران نوێ دەکاتەوە.

هەست دەکەم لە شوێنێکی گونجاو و لە کاتێکی گونجاوم. ئێمە دەمانەوێت یانەکە بگەیەنینە ئاستێکی باڵاتر.

سەبارەت بە خەونی هاندەرانیش، ئەو زۆر راشکاو بوو؛

دەزانم هەمووان لێرە تینووی چامپیۆنزلیگن. وەرزی داهاتوو دووبارە هەوڵ دەدەینەوە و هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ بەدەستهێنانی ئەو نازناوە.

بابەتی زیاتر

Back to top button