ئه‌مریکاگرنگترینمۆندیالی 2026

لویس سوارێز بڕیاری وازهێنانی هەڵوەشاندەوە و ئامادەیی خۆی بۆ مۆندیال رادەگەیەنێت

لویزیتۆ دەیەوێت بەشداریی مۆندیالی 2026 بکات

Yariga App

یاریگا –

لویس سوارێز، ئەستێرە و گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای، بە فەرمی رایگەیاند کە جارێکی دیکە ئامادەیە درێسی هەڵبژاردەکە بپۆشێتەوە و بەشداری لە مۆندیالی 2026 بکات.

ئەم بڕیارە 18 مانگ دوای ئەوە دێت کە سوارێز وازهێنانی نێودەوڵەتی خۆی راگەیاندبوو.

سوارێزی تەمەن 39 ساڵ، کە خاوەنی 69 گۆڵە لە 143 یاریی نێودەوڵەتیدا، لە ئەیلوولی ساڵی 2024 رایگەیاندبوو کە کاتی گونجاوە بۆ وازهێنان، بەڵام دوای ماوەیەک رەخنەی توندی لە مارسێلۆ بێڵسای راهێنەر گرت. ئێستا یاریزانەکە ئاشکرای کردووە کە هەموو کێشەکان چارەسەر کراون.

 هەرگیز بە هەڵبژاردەی نیشتیمانی ناڵێم’نا’، ئەگەر پێویستیان پێم بێت، بەتایبەت کە مۆندیال لە پێشمانە. لەو کاتەدا کشانەوەم بۆ ئەوە بوو رێگە بۆ نەوەی نوێ چۆڵ بکەم. هەندێک قسەم کرد کە نەدەبوو بیڵێم، بۆیە داوای لێبووردنم لەو کەسانە کرد کە پێویست بوو داوای لێبووردنیان لێ بکەم.

سوارێز کە ئێستا لە یانەی ئینتەر میامی یاری دەکات، دووپاتی کردەوە کە هێشتا توانای یاریکردنی ماوە و گوتی؛

هێشتا ئەو ئەدریناڵین و ئارەزووەم بۆ یاریکردن ماوە. کاتێک دەبینیت هێشتا لەسەر پاسێکی هەڵە یان دۆڕانێک تووڕە دەبیت و چێژ لە گۆڵکردن دەبینیت، تێدەگەیت کە هێشتا ژیانت بواری کێبڕکێکردنی تێدا ماوە.

گەڕانەوەی سوارێز لە کاتێکدایە کە هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای لە دوای وازهێنانی ئەو و ئیدینسۆن کاڤانی، پشت بە داروین نونێز دەبەستێت کە تاوەکوو ئێستا 13 گۆڵی بۆ هەڵبژاردەکە کردووە.

مێژوویەکی پڕ لە دەستکەوت و مشتومڕ

کاروانی سوارێز لەگەڵ ئۆرۆگوای پڕ بووە لە ساتە مێژووییەکان؛ لە بردنەوەی کۆپا ئەمریکای 2011 و بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی پاڵەوانێتییەکە، تاوەکوو دەگاتە رووداوە پڕ لە مشتومڕەکانی وەکوو لێدانی تۆپ بە دەست بەرامبەر گانا لە مۆندیالی 2010 و گەزگرتنی کیلینی لە مۆندیالی 2014.

ئێستا ئۆرۆگواییەکان چاوەڕێی ئەوەن بزانن مارسێلۆ بێڵسا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گەڕانەوەیەدا دەکات و ئایا سوارێز دەبێتە پارچەیەکی سەرەکی لە پێکهاتەکەی بۆ مۆندیالی 2026؟

بابەتی زیاتر

Back to top button