
یاریگا –
لەگەڵ زیادبوونی دەنگۆکانی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ ریال مەدرید، رۆی کۆستای سەرۆکی یانەی بێنفیکا لە پشت پەردەکانەوە دەستی بە جووڵە کردووە و دەیەوێت بە نوێکردنەوەی گرێبەستی سپێشەڵ وەن، رێگری لە هەر هەوڵێکی یانەی شاهانە بکات و ناچاریان بکات بێدەنگییەکەیان بشکێنن.
مەرجی هەڵوەشاندنەوە؛ سێ ملیۆن یۆرۆی مەترسیدار
مۆرینیۆ کە تاوەکوو ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ بێنفیکا هەیە، مەرجێکی تایبەت لە گرێبەستەکەیدا هەیە؛ دەتوانێت تەنیا بە سێ ملیۆن یۆرۆ یانەکە جێبهێڵێت، بەو مەرجەی تاوەکوو 10 رۆژ دوای کۆتاییهاتنی وەرز بڕیاری خۆی بدات. بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگەی RMC SPORT، ئەم بڕە پارەیە کە بۆ یانەیەکی وەکوو ریال مەدرید زۆر کەمە، وایکردووە یانە پۆرتوگالییەکە هەست بە مەترسی بکات.
🇵🇹 Face aux rumeurs persistantes envoyant José Mourinho au Real Madrid, Rui Costa accélère en coulisses. Le président du Benfica Lisbonne souhaite verrouiller son entraîneur avec une prolongation de contrat imminentehttps://t.co/muKzRg3d2f
— RMC Sport (@RMCsport) May 2, 2026
ستراتیژیی نوێی رۆی کۆستا
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، سەرۆکی بێنفیکا دەیەوێت لە چەند رۆژی داهاتوودا گرێبەستێکی نوێ پێشکەشی مۆرینیۆ بکات. ئامانجی ئەم کارە تەنیا هێشتنەوەی مۆرینیۆ نییە، بەڵکوو لابردن یان زیادکردنی بڕی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیەتی. بەم هەنگاوە، ئەگەر ریال مەدرید بیەوێت مۆرینیۆ بۆ بێرنابیۆ بباتەوە ، دەبێت بڕە پارەیەکی زۆر زیاتر بدات و دانوستانی فەرمی بکات، ئەمەش کارەکە بۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز ئاڵۆز دەکات.
مۆرینیۆ لەنێوان دڵنیایی و تەمومژدا
مۆرینیۆ لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژی هەینیدا هەوڵیدا دۆخەکە هێور بکاتەوە، بەڵام دەرگاکەشی بە تەواوی دانەخست.
دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ کەسێک لە ریال مەدرید قسەی لەگەڵ نەکردووم، ساڵێک لە گرێبەستەکەم لەگەڵ بێنفیکا ماوە.
ئەم لێدوانە تەمومژاوییەی مۆرینیۆ وایکردووە رۆی کۆستا پەلە بکات لە پێشکەشکردنی ئۆفەری نوێ، بەتایبەت دوای ئەوەی مۆرینیۆ ئاستی بێنفیکای زۆر بەرزکردووەتەوە.



