لویس ئێنریکێ ترسی هەیە؛ حەکیمی یاریی گەڕانەوەی ئالیانز ئارێنا لەدەستدەدات؟
پێکانەکەی حەکیمی مەغریبت خستووەتە دڵەڕاوکێ!

یاریگا –
بارودۆخی جەستەیی ئەشرەف حەکیمی، ئەستێرەی مەغریبی و یانەی پاریس سان جێرمان، دوای یاریی چوون لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بایرن میونشن، هەم لە فەرەنسا و هەم لە مەغریب بووەتە جێگەی باس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نێردراوی ئاس لە پاریس، حەکیمی پێش یارییەکە پێکانی هەبووە و نەدەبوو بەشداریی یارییەکەی بایرن میونشن بکات، بەڵام گرنگی یارییەکە وای لێکرد سەرکێشی بە تەندروستی خۆیەوە بکات و بە ئازارەوە بەشداریی بکات. حەکیمی لە یارییەکە ئەسیستی گۆڵی پێنجەمی بۆ عوسمان دێمبێلێ کرد.

لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکەش، لویس ئێنریکێ رایگەیاند کە هێشتا ئەندازەی پێکانەکە دیار نییە و گوتی؛
پێویستە چاوەڕێی پشکنینەکان بکەین بۆ ئەوەی بزانین چی روویداوە.
زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێکانەکە ماسولکەییە، بەڵام ئەوەی مەغریبییەکانی خستووەتە دڵەڕاوکێوە، تەنیا مانگ و نیوێک ماوە بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووتەڕوو، بڕیارە حەکیمی لە یاریی رۆژی شەممە بەرامبەر لۆریان لە خولی فەرەنسی پشوو بدات. پاریس کە لە لیگ وەن باڵادەستە، دەیەوێت بە هەر جۆرێک بێت حەکیمی بۆ یاریی گەڕانەوە لە ئالیانز ئارێنا ئامادە بکات، بەڵام هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان کە بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا دەربچن.



