
یاریگا –
هەولێر یاریی لووتکەی بەرامبەر تەڵەبە لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێهێنا و باسم قاسمیش پێش یارییەکە یاریزانەکانی لە کراوەیی ئەم یارییە ئاگادارکردبۆوە.
لە گەڕی 31ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 3 _ 2 لە تەڵەبەی بردەوە، لە دوو یاریی رابردوو بەرامبەر قوە جەوییەی پێشەنگ و تەڵەبەی خاوەن ریزبەندی پێنجەم هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی چوار خاڵی بەدەستهێنا، دوو یاریی داهاتووشی لە نێو یاریگای فرانسۆ هەریری دەکات.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە باسی لە گرینگی و هۆکاری سەرکەوتنەکەیانی کرد و گووتی:
یارییەکە لە سەرەتاوە بەشێوەیەکی باش دەستیپێکرد کە لەبەرژەوەندی ئێمەبوو، پێش یارییەکەش یاریزانەکانم ئاگادار کردبۆوە کە ئەم یارییە کراوە دەبێت و رێژەیەکی باش گۆڵی تێدا تۆمار دەکرێت، تەڵەبە یانەیەکی زۆرباشە لەم وەرزەدا و پێشبینی دەکەم هێشتا بەرەو ریزبەندی پێشەوە هەنگاو بنێت، سوپاسی یاریزانەکانم دەکەم ئەرکەکانیان بەباشی جێبەجێ کرد، پیرۆباییش لە هاندەران دەکەم تایبەت ئەوانەی لە نێو یاریگا ئامادە بوون.
بەم سەرکەوتنە هەولێر پێگەی خۆی لە ریزبەندی سێیەم بە 63 خاڵ بەهێزتر کرد، بە جیاوازی پێنج خاڵ لەگەڵ زەوڕای خاوەن ریزبەندی چوارەم و تەڵەبەی خاوەن ریزبەندی پێنجەم.
هەولێر جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ شوڕتەی خاوەن ریزبەندی دووەم بۆ یەک خاڵ کەمکردەوە، دوو یاریی داهاتووش لە نێو یاریگای فرانسۆ هەریری دەکات کە بەرامبەر کارەبا و کەرخ دەبێت.



