ئاسیاعێراقگرنگترین

یونس مه‌حمود له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق ده‌كشێته‌وه‌

نهێنی رێککەوتنە گەورەکەی پشتی پەردە ئاشکرا بوو

Yariga App

یاریگا –

بڕیارە لە 23ـی مانگی داهاتوودا هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام پێشوەختە گۆڕانکارییەکی دراماتیکی و چاوەڕواننەکراو لە ململانێی سەرۆکایەتی یەکێتییەکەدا هاتۆتە ئاراوە، کە رەنگە هاوکێشەکان بەتەواوی سەرەوژێر بکاتەوە.

رێککەوتنێکی سیاسی یان کشانەوەیەکی تاکتیکی؟

سەرچاوەیەکی تایبەت بە تۆڕی وەرزشی یاریگا ئاشکرای کرد، یونس مەحموود، ئەستێرەی مێژوویی عێراق و بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکی یەکێتییەکە، بڕیاری داوە لە بەرامبەر وەرگرتنی پۆستێکی باڵاتر لە کێبڕکێکە بکشێتەوە.

بەپێی زانیارییەکان، سەفاح چاوی لە کورسی وەزیری وەرزش و لاوانی عێراقە لە حکومەتی داهاتوودا و ئامادەیە لە بەرامبەر ئەو پۆستەدا، مەیدانەکە بۆ عەدنان درجال چۆڵ بکات.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، یونس مەحموود تاوه‌كو ئێستا بە فەرمی کشانەوەی رانەگەیاندووە، چونکە دەیەوێت سەرەتا زەمانەتی تەواو و گەرەنتی وەرگرتنی پۆستی وەزیر بکات، ئینجا بە فەرمی دەستبەرداری بەربژێربوونی بۆ سەرۆکایەتی یەکێتییەکە ببێت.

عەلی ئەسەدی دەنگۆکان پشتڕاست دەکاتەوە

 

لەلایەکی تریشەوە، عەلی ئەسەدی، سەرۆکی یانەی کارەبا و یەکێک لە کەسایەتییە هەرە نزیکەکان لە یونس مەحموود، لە لێدوانێکی میدیاییدا بۆ دەزگا عێراقییەکان، ئەو هەواڵانەی پشتڕاستکردەوە.

کاتێک لەبارەی کشانەوەی یونس مەحموود پرسیاری لێکرا، ئەسەدی گوتی:

بەڵێ، بیستوومە کەوا دەکشێتەوە. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بەڵێنی پلەیەکی حکومی پێدراوە، کە ئەویش پۆستی وەزیری لاوان و وەرزشە.

ئەسەدی پشتگیری خۆی بۆ ئەم هەنگاوەی یونس دەربڕی و رایگەیاند:

“بێگومان ئەو شایستەی ئەم پۆستەیە؛ ئەو وەرزشوانێکی گەورەیە و یەکێکە لە گەشاوەترین ئەستێرەکانی مێژووی هەڵبژاردەی عێراق، ئه‌و لەو پلەیەدا خزمەت بە وەرزشی وڵات دەکات.”

ململانێی درجال و یونس بەرەو کوێ؟

 

پێش بڵاوبوونەوەی ئەم زانیارییانە، چاوەڕوان دەکرا کێبڕکێیەکی توند لە نێوان عەدنان درجال و یونس مەحموود بۆ وەرگرتنی کورسی سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکە رووبدات، بەڵام ئەگەر ئەم رێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، عەدنان درجال بەبێ رکابەرێکی بەهێز دەمێنێتەوە و یونس مەحموودیش پۆستی وه‌زیری وه‌رزش و لاوان وه‌رده‌گرێت.

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر 23ـی مانگی داهاتوون، تاوەکو بزانرێت ئایا یونس مەحموود بە فەرمی کشانەوەی خۆی رادەگەیەنێت، یان ململانێی سەرۆکایەتی یەکێتییەکە گەرمتر دەبێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button