
یاریگا –
ئەکادیمیای ریال مەدرید گەوهەرێکی نوێی پێشکەش بە جیهانی تۆپی پێ کرد؛ لە یاریی پێش کۆتایی چامپیۆنزلیگ بۆ لاوان لە شاری لۆزانی سویسرا، خاڤیێر ناڤاڕۆی گۆڵپارێز بووە پاڵەوانی یانەکەی بەرامبەر پاریس سان جێرمان.
دیوارە نوێیەکەی مەدرید
لە کاتی یارییەکەدا، ناڤاڕۆی 19 ساڵان، چوار جار تیپەکەی لە گۆڵی پاریسییەکان رزگار کرد، بەڵام درەوشانەوە گەورەکەی لە لێدانە یەکلاکەرەوەکاندا بوو. دوای ئەوەی دوو یاریزانی ریال مەدرید لێدانەکانیان لەدەستدا و تیپەکە لە لێواری کرانەدەرەوە بوو، ناڤارۆ دەرکەوت و سێ لێدانی سزای یاریزانانی پاریسی گەڕاندەوە و بلیتێکی مێژوویی بۆ یاریی کۆتایی بەرامبەر کلوب بڕوج بڕی.
راهێنەرەکەی دوای یارییەکە وتی؛
ئەگەر خاڤیێر ناڤاڕۆت هەبێت لێدانی سزا چانس نییە، چونکە ئەو سوپەرستارە.
پەیامەکەی کۆرتوا و گەشتە درێژەکە
ئاستی ئەم لاوە تەنیا هاندەرانی سەرسام نەکرد، بەڵکوو تیبو کۆرتوا، گۆڵپارێزی یەکەمی یانەکەی ناچار کرد راستەوخۆ پیرۆزبایی لێ بکات. جێی سەرنجە، ناڤاڕۆ تەنیا 48 کاتژمێر پێش ئەم یارییە، لەگەڵ پێکهاتەی یەکەمی ریال مەدرید لە شاری میونشن بوو بۆ یارییەکەی چامپیۆنزلیگ، دواتر راستەوخۆ گەشتی سویسرای کرد بۆ ئەوەی ببێتە رزگارکەری لاوانی مەدرید.




