
یاریگا –
یانەی هەولێر بە دۆخێکی دارایی سەختدا تێدەپەڕێت و یاریزانان و راهێنەری یانەکە بایکۆتی مەشق و یارییەکانی داهاتوو دەکەن.
نەبوونی مووچە و دەستپێکی بایکۆتی گشتی؛
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی نزیک و ئاگادار لە رووداوەکان زانیوویەتی، باسم قاسم راهێنەری یانەی هەولێر، دوای یارییەکەی بەرامبەر یانەی نەفت دەنگی خۆی خستووەتە پاڵ دەنگی یاریزانانی تیمەکەی و بڕیاریانداوە بایکۆتی مەشقەکان بکەن.
راهێنەر و یاریزانانی یانەی هەولێر نزیکەی سێ مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، تیپەکە بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت، گەیلان لوقمان ئەستێرەی یانەکە و باسم قاسم، راهێنەری یانەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکەی نەفت روونیانکردەوە کە دۆخی دارایی تیپەکە زۆر خراپە و تەنانەت یاریزانان پارەیان پێ نییە و دوو مانگ و نیوە مووچەیان پێنەدراوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیوویەتی باسم قاسم و یاریزانەکان بڕیاریانداوە تاوەکوو مووچەیان پێ نەدرێت ناگەڕێنەوە مەشقەکان و بەشداریی یاریی داهاتووی یانەکە بەرامبەر یانەی قاسمیش ناکەن.
کۆتایی چیرۆکی راهێنەرە رزگارکەرەکە؛
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە سەرچاوەیەکی نزیک و تەواو باوەڕپێکراو زانیوویەتی، باسم قاسم بەفەرمی ئیدارەی یانەی هەولێری ئاگادارکردووەتەوە لەکۆتایی ئەم وەرزە دەستلەکاردەکێشێتەوە و لە پۆستی راهێنەرایەتی ئیمپڕاتۆر بەردەوام نابێت.
باسم قاسم لەوە نیگەرانە کە یانەکە ناتوانێت پارێزگاری لە ئەستێرە گەورەکانی بکات و یاریزانە گەورەکان بەهۆی هەبوونی ئۆفەری باشتر هەولێر جێدەهێڵن، ئەمەش وایکردووە ئەو راهێنەرە بڕیاری جێهێشتنی هەولێر لە کۆتایی ئەم وەرزە بدات و لە پۆستەکەی بەردەوام نابێت.
بڕیارە شەممەی داهاتوو 18ـی نیسانی 2026 هەولێر لە یارییەکانی گەڕی 29ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق میوانداری قاسم بکات، باڵەم بایکۆتی گشتی دەستیپێکردووە و ئامادە نین بەشداریی ئەو یارییە بکەن.



