هۆشداری دەدات؛ ئاریان رۆبن پێشبینی بۆ یارییەکەی بایرن میونشن و ریال مەدرید دەکات
"ریال مەدرید دەتوانێت لە هیچەوە گۆڵ دروست بکات"

یاریگا –
لە چاوپێکەوتنێکی نوێدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمی یانەی بایرن میونشن، ئارین رۆبن، ئەستێرەی پێشووی هەردوو جەمسەرە ئەوروپییەکە، رایگەیاند کە یانە ئەڵمانییەکە پاڵێوراوی سەرەکییە بۆ تێپەڕاندنی ریال مەدرید و گەیشتن بە قۆناخی نیوەی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەڵام لە مەترسی یانە ئیسپانییەکە ئاگاداریان دەکاتەوە.
رۆبن ستایشی ئەو شۆڕشە دەکات کە ڤینسێنت کۆمپانی لە میونشن بەرپای کردووە و پێی وایە بایرن تەنیا پاڵێوراو نییە بۆ تێپەڕاندنی ریال مەدرید، بەڵکوو پاڵێوراوی سەرەکییە بۆ بەرزکردنەوەی جامەکە لە بوداپێست.
بایرن میونشن وەکوو یەک تیپ دەجووڵێتەوە، پلانێکی روونیان هەیە و لە هەموو یارییەکدا باڵادەستن.
بایرن هەوڵدەدات شێوازی یاریی خۆی بسەپێنێت. پێویست ناکات تاکتیک بگۆڕێت. پلانەکە بە درێژایی وەرز کاری کردووە. بەرگری لە کاتی هەڵگەڕانەوەی هێرشەکاندا دەبێت بە باشی رێکبخرێت و پێویستە باوەڕت هەبێت و نەترسیت.
سەرەڕای باڵادەستیی بایرن، رۆبن هۆشداری دەداتە یاریزانانی یانە کۆنەکەی کە بەرامبەر ریال مەدرید نابێت تەنانەت بۆ چرکەیەکیش خاوببنەوە و دەڵێت؛
ریال مەدرید هەرگیز ناتوانرێت بە مردوو دابنرێت. سەرسامم بەوەی کە هەمیشە ئارام دەمێننەوە. تەنانەت کاتێک لە ناوچەی خۆشیان بەرگری دەکەن، هەست بە ئارامی دەکەن و لەناکاو هێرش دەبەن. هەندێک جار تەنیا یەک دوو چرکەیان پێویستە. دەبێت ئاگاداری ئەوە بیت. ئەوان کوالێتیی تاکەکەسیی زۆریان هەیە. بەڵام پێم وایە بایرن وەکوو تیپ باشترە.
بەشێکی دیکەی قسەکانی رۆبن بۆ ستایشکردنی هاوڕێ کۆنەکەی، مانوێل نۆیەر بوو. رۆبن دەڵێت نۆیەر لە تەمەنی 40 ساڵیدا هێشتا باشترینی جیهانە و پێشانیدا کە تەمەن تەنیا ژمارەیە کاتێک لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا ئاستێکی لەو شێوەیە پێشکەش دەکات.



