
یاریگا –
ئەگەرچی تەنیا دوو ساڵ لە گرێبەستەکەی ماوە، دۆسیەی نوێکردنەوەی گرێبەستی عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی یانەی پاریس سان جێرمان هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە و لەگەڵ یانەکەی نەگەیشتوونەتە هیچ رێککەوتنێک.
کاتەکە گونجاو نییە!
رۆژنامەی لیکیپ بڵاویکردووەتەوە، لەکاتێکدا پاریس پەلەیەتی گرێبەستی یاریزانە لاوەکانی وەکوو بارکۆلا و مایولو یەکلایی بکاتەوە، بۆ دێمبێلێ باسەکە تەنیا بریتییە لە کات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سەرچاوە فەڕەنسییەکە، لە ناوخۆی یانەکەدا باس لەوە دەکرێت کە هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێستا بۆ نویکردنەوەی گرێبەستی دێمبێلێ کاتێکی گونجاو نییە، چونکە یانەکە تەواوی سەرنجی خستووەتە سەر چامپیۆنزلیگ، بەتایبەت کە لە یاری چوونی قۆناخی چارەکی کۆتاییدا 2-0 لە لیڤەرپوولیان بردووەتەوە و رۆژی سێشەممە یاریی یەکلاییکەرەوە دەکەن.
هەمان سەرچاوە دەشڵێت، چارەنووسی پاریس لە ئەوروپا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر داهاتووی دێمبێلێ دەبێت؛ دەرکران لەم قۆناخانەدا رەنگە بیرۆکەی کۆتاییهاتنی قۆناخێک لای کارگێڕیی یانەکە دروستبکات، بەڵام درەوشانەوەی دێمبێلێ تاوەکوو یاریی کۆتایی، پێگەی لە دانوستانەکاندا زۆر بەهێزتر دەکات.
Ousmane Dembélé et le PSG ont pris le parti de temporiser concernant la prolongation de contrat du Ballon d’Or. Le dénouement, attendu en fin de saison, dépendra aussi du parcours européen du club parisien.
➡️ https://t.co/XDUXHGkzAT pic.twitter.com/j8zJECUYb3
— L’Équipe (@lequipe) April 13, 2026
کێشە داراییەکان و باڵۆن دۆر
سەرەڕای بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆن دۆر لە مانگی ئەیلوولدا، دێمبێلێ هێشتا نەیتوانیوە تەواوی سوودە داراییەکانی ئەو خەڵاتە بەدەستبهێنێت. ناسر خلێفی، سەرۆکی یانەکە، پێشتر رایگەیاندبوو؛
ئێمە توانای مووچەمان سنووردارە و یانەکە لە سەروو هەمووانەوەیە.
بەڵام دێمبێلێ دەزانێت کە پاریس خەریکە لویس ئێنریکێ دەکاتە یەکێک لە چوار راهێنەرە خاوەن بەرزترین مووچەکانی جیهان (20 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا)، ئەمەش وای کردووە یاریزانەکە داواکارییەکانی کەم نەکاتەوە. هەروەها، رێکەوتنە جیهانییەکانی پاریس لەگەڵ سپۆنسەرەکان، رێگرن لەبەردەم رێکەوتنە کەسییەکانی دێمبێلێ، بە پێچەوانەی سەردەمی ئێمباپێ کە ئازادی زیاتری هەبوو.
ئینگلتەرا یان سعوودیە؛ بژاردەکانی سەر مێز
لیکیپ ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەگەر دانوستانەکان شکستبهێنن، ئەوا ئینگلتەرا و سعوودیە دەبنە وێستگەی داهاتووی ئەستێرە فەڕەنسییەکە. یانەکانی کەنداو لە چەند مانگی رابردوودا پەیوەندییان بە دێمبێلێوە کردووە، هەرچەندە ئۆفەری فەرمی نەبووە.
دێمبێلێ دەزانێت کە چوون بۆ سعوودیە چیدیکە مەترسی نییە بۆ سەر داهاتووی نێودەوڵەتی، چونکە یاریزانانی وەکوو تیۆ هێرناندێز و کانتێ سەلماندوویانە کە دەکرێت لە سعوودیە یاریی بکەیت و بانگهێشتی هەڵبژاردەی فەرەنساش بکرێیت. تاوەکوو ئەو کاتە، دێمبێلێ و پاریس یاریی بە کات دەکەن، بەبێ ئەوەی کەس بزانێت لە کۆتاییدا کێ براوە دەبێت.



