
یاریگا –
شەوی رابردوو 10ـی نیسانی 2026 ریال مەدرید لە یارییەکانی گەڕی 31ـی لالیگا میوانداری جیڕۆنای کرد و یارییەکە 1-1 کۆتایی هات، مەدرید بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت و سێ یارییە تامی بردنەوەی نەکردووە.
لە کۆتا خولەکەکانی یارییەکە لێدانێکی سزا بۆ ریال مەدرید هەژمار نەکرا، ئەمەش وایکرد ئالڤارۆ ئاربێلوا رەخنە لە سیستمی ڤاڕ و ناوبژیوانی یارییەکە بگرێت.
ریال مەدرید دوای ئەو ئەنجامە بە جیاوازی شەش خاڵ لەدوای بارسێلۆنای پێشەنگ دەبێت، بارسا ئەمڕۆ شەممە لە دێربی کاتالوونیا رووبەڕووی ئیسپانیۆل دەبێتەوە و بە بردنەوە جیاوازییەکە بۆ نۆ خاڵ بەرزدەکاتەوە.
پاش ئەوەی نیوەی یەکەم بەبێ گۆڵ کۆتایی هات، فێدێرێکۆ ڤالڤێردی لە خولەکی 51 لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ کرد و گۆڵی یەکەمی یانەکەی کرد.
بەڵام تۆماس لێیمار، کە لە ئاتلێتیکۆ مەدریەوە بە خواستن چووەتە جیڕۆنا، تەنیا دوای 11 خولەک بە لێدانێکی بەهێز لە دەرەوەی ناوچەی سزا گۆڵی یەکسانی یانەکەی کرد.

ریال مەدرید پێی وایە لە خولەکی 87 لێدانێکی سزای دروستیان بۆ هەژمار نەکراوە، کاتێک ئانیشکی ڤیتۆر رێس بەر دەمووچاوی کیلیان ئێمباپێ دەکەوێت، تەنانەت نێوچاوانی بریندار دەبێت و خوێنی لێدێت، بەڵام ڤار پێداچوونەوە بۆ حاڵەتەکە ناکات.
ئاربێلوا دوای یارییەکە رەخنەی تووندی لە ڤار و ناوبژیوان گرت و پێی وایە %100 لێدانی سزا بووە.
ئەوە پێناڵتی بوو، لێرە و لەسەر مانگیش ئەوە پێناڵتییە، دیسان بە هەفتەیەکی دیکەی لەم شێوەیەدا تێدەپەڕین و بەردەوام هەمان شت دووبارە دەبێتەوە.
نە من و نە کەس لە ڤار تێناگات، پێموایە کەی لە قازانجی خۆیان بێت ئەوکات بەکاریدەهێنن، ئەگینا کاری پێناکەن.
ریال مەدرید %61ـی کۆنتڕۆلی یاریگای لابوو، 22 شووتی بۆ گۆڵ کردبوو، جیڕۆناش 10 شووتی بۆ گۆڵ هەبوو، بەڵام مێرێنگی رێگای سەرکەوتنی نەدۆزییەوە.
ئەم یەکسانبوونە یەکەم یەکسانبوونی ئاربێلوا بوو لەگەڵ ریال مەدرید، پێشتر 19 بردنەوەی بۆ یانەکە بەدەستهێنابوو، لە 6 یارییش تووشی شکست بوو، دوایین بردنەوەی تیمەکەش لە 22ـی ئادار لە دێربی مەدرید بوو کاتێک ڤینی جونیۆر گۆڵی بردنەوەی کرد.
ئاربێلوا بڕوای وایە سەرەڕای جیاوازیی زۆری خاڵەکانیان لەگەڵ بارسێلۆنا هێشتا نازناوی لالیگا یەکلایی نەبووەتەوە و تاوەکوو کۆتایی دەجەنگن.
چوارشەممە 15ـی نیسانی 2026 ریال مەدرید لە گرنگترین یاریی وەرزەکە، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە میونشن دەبێتە میوانی بایرن میونشن، یاریی چوون 2-1 لە بەرژەوەندی یانە ئەڵمانییەکە کۆتایی هاتبوو، مەدرید بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو پێویستە بە جیاوازی دوو گۆڵ لە یانە باڤارییەکە بباتەوە.
شیکاریی ئارچیڤۆ ڤار؛ هەڵەیەکی کارەساتباری ناوبژیوانی یارییەکەی ریال مەدرید و جیرۆنا



