
یاریگا –
هەولێر جارێکی دیکە نەیتووانی سەرکەوتن تۆمار بکات و لە یاریگای خۆی یەکسان بوو، راهێنەری هەولێریش دەڵێت خۆمان یارییەکەمان بە مووسڵ دا.
لە گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە یاریگای خۆی بە ئەنجامی 2 _ 2 لەگەڵ مووسڵ یەکسان بوو، هەولێر چوارەم یارییە لەسەر یەک تووشی یەکسان بوون دەبێت و رێگای سەرکەوتنی ون کردووە، دوای زیاتر لە 70 رۆژ دابڕان هاندەرانی هەولێر گەڕانەوە یاریگا و بەڵام یانەکە سوودی لە هاندانیان وەرنەگرت.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە دەربارەی یەکسان بوونەکەیان گووتی:
ئەمڕۆ زۆر ئاسایی بوو بە ئەنجامێکی گەورە سەرکەوتنمان تۆمار کردایە، بەڵام لە چەند خولەکێک هەمووشتێک پێچەوانە بوویەوە، لەگەڵ رێزم بۆ یانەی مووسڵ بەڵام خۆمان یارییەکەمان پێدان و هەڵەمان کرد، زۆرترین دەرفەتی گۆڵ کردنمان هەبوو پێش ئەوەی مووسڵ دوو گۆڵەکەمان لێ تۆمار بکات، کاردەکەین و نامانەوێ لە داهاتوو تووشی هەمان دۆخی ئەم یارییە ببینەوە.
دوا سەرکەوتنی هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ 23ـی مانگی رابردوو کە بەرامبەر دیالا بوو، هەولێر بە 53 خاڵ لە ریزبەندی سێیەم مایەوە و گەڕی داهاتووش لە بەغدا بەرامبەر نەفت یاریی دەکات، مووسڵیش بە 34 خاڵ لە ریزبەندی 13ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



