
یاریگا –
دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی تووشی شکستێکی گەورە هات و یاریزانێکی یانەکەش هۆکارەکەی بۆ هەڵەی تاکە کەسی دەگەڕێنێتەوە.
دوای شکستەکەیان بەرامبەر گەڕمە بە ئەنجامی 3 _ 0 لە گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، راهێنەری دهۆک داوای لێبوردن لە هاندەرانی یانەکە دەکات، حمود مەشعانی بەرگریکاری یانەکەش باس لە هەڵەی یاریزانەکان دەکات کە بە هۆکاری شکستەکەیان ناوی دەبات.
ئەحمەد خەلەف، راهێنەری دهۆک دەربارەی شکستەکەیان هۆکارەکەی گووتی:
وێڕای شکستمان بە ئەنجامێکی گەورە، بەڵام ئاستێکی باشمان پێشکەش کرد، لە گێمی یەکەم هەلی گۆڵکردنمان هەبوو بەڵام یاریزانەکان سەرکەوتوو نەبوون، پیرۆزبایی لە یانەی گەڕمە دەکەم، داوای لێبوردنیش لە هاندەرانی دهۆک دەکەم و هەوڵدەدەین ئەنجامەکە قەرەبوو بکەینەوە.
حەمود مەشعان، بەرگریکاری دهۆک کە لە گێمی دووەم بەشداری یارییەکەی کرد، هۆکاری شکستەکەی بۆ یاریزانەکان گەڕاندەوە:
ئەگەر ئەو هەلانەی بۆ یاریزانەکان رێکەوت گۆڵیان بکردایە ئەنجامەکە بەشێوەیەکی تر دەبوو، هەڵەی تاکی یاریزانەکان کاریگەری هەبوو کە زۆر بە ئاشکرا هۆکاری شکستەکەمان بوو، سوپاسی هاندەران دەکەین هەمووکات پاڵپشتی ئێمەن، دەمانەوێت لە داهاتوو زیاتریان پێشکەش بکەین.
دهۆک بە 37 خاڵ بە شێوەی کاتی لە ریزبەندی 10ـیەم دێت، لە ئەگەری سەرکەوتنی نەفت بەرامبەر غەڕاف لە یارییەکەی ئەمڕۆ دهۆک دەچێتە ریزبەندی 11، گەڕمەش بە 47 خاڵ لە ریزبەندی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



