
یاریگا –
زاخۆ لە یاریی لووتکەدا میوانداری زەوڕا دەکات، یاریزانێکی زاخۆش داوایەک ئاڕاستەی هاندەرانی یانەکە دەکات.
لە یارییەکی گرینگ و بەهێزدا، لە گەڕی 27ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق کاتژمێر 5ـی ئێوارەی ( 8ـی نیسانی 2026 ) زاخۆ لە یاریگای خۆی رووبەڕووی زەوڕا دەبێتەوە، زاخۆ بۆ ئەم یارییە توانای محەمەد سەواڵە و ئەندرێ چەکیچی بۆ دەگەڕێتەوە دوای ئەوەی لە پێکانەکانیان چاکبوونەتەوە، ئەمجەد عەتوانیش بۆ ئەم یارییە ئامادەیە کە بەهۆی کەڵەکە بوونی کارتەکانی لە یاریی رابردوو بەرامبەر ئەمانەی بەغدا بەشداری نەکرد.
هەریەک لە شێرکۆ کەریم، هادی کەریم ئوسامە رەشید لەگەڵ جۆزێف ماوریسیۆ بەهۆی پێکانەوە بەشداری دوایین یەکەی مەشقی یانەکەیان نەکردووە و ئەگەری بەشدارییکردنیان لە یارییەکە لاوازە.
ئەیوب ئۆدیشۆ، راهێنەری زاخۆ دەربارەی ئامادەکاری یاریزانەکان و یارییەکە گووتی:
یارییەکە بۆ هەردوو یانە ئاسان نیە و چونکە بۆ ریزبەندی پێشەوە هەوڵ دەدەین، لەگەڵ رێزم بۆ زەوڕا بەڵام ئێمە بۆ سێ خاڵی یارییەکە دەچینە نێو یاریگا، باوەڕی تەواویشم بە یاریزانەکانم هەیە و ئامادەکارییەکانیش بەشێوەیەکی باش کراوە بۆ ئەم یارییە.
محەمەد عەلی عەبود، ناوەڕاستکاری زاخۆ دەربارەی یارییەکە قسەی خۆی کرد و پەیامێکیشی بۆ هاندەرانی زاخۆ نارد:
زەوڕا یانەیەکی جەماوەرییە لە عێڕاق، بەڵام ئامانجی ئێمە لەم یارییە تەنها سێ خاڵە، ئامادەکارییەکانمان بە شێوەیەکی باش کۆتایی پێهێنا، لە نێو یاریگا و لەبەردەم هاندەرانی خۆمان یاریی دەکەین، بۆیە داوا لە هاندەران دەکەم پاڵپشتیمان بکەن چونکە زۆر پێویستمان بە هاندانە، هیوادارم بتوانین لە کۆتاییدا دڵخۆشیان بکەین.
دوای ئەوەی سێ خاڵی یاریی ئەمانەی بەغدای لێ وەرگیرایەوە، زاخۆ 43 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەم دێت، گەڕی داهاتووش میوانداری تەڵەبە دەکات، زەوڕاش 47 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی پێنجەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



