
یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر غەڕاف یاریی دەکات، راهێنەری هەولێریش پێش یارییەکە هەواڵێکی خۆشی پێگەیشت.
لە گەڕی 26ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، یەک شەممە ( 5ـی نیسانی 2026 ) هەولێر کاتژمێر 5ـی ئێوارە لە یاریگای ناسڕیەی نێودەوڵەتی بەرامبەر غەڕاف یاریی دەکات، پێش ئەم یارییە دەستەی پزیشکانی هەولێر هەواڵێکی خۆشیان بە باسم قاسم راهێنەری هەولێر داوە، هەواڵەکەش گەڕانەوەی مستەفا قابیلی هێرشبەر و ئەستێرەی لاوی تیپەکەیە کە لە پێکان چاکبۆتەوە و دەتوانێ بەشداری یارییەکە بکات.
باسم قاسم، راهێنەری هەولێر دەربارەی یارییەکە و گەڕانەوەی مستەفا قابیل بۆ نێو پێکهاتەی هەولێر گووتی:
سەرەڕای ئەوەی لە دوو یاریی رابردوودا سەرکەوتنمان تۆمار نەکردووە، بەڵام بە شێوەیەکی باش بۆ یارییەکە ئامادەین، سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن تایبەت شێرزود و مستەفا قابیل، گەڕانەوەی مستەفا گڕووتینێکی دیکە بە تیپەکە دەبەخشێت، دەزانین غەڕاف تیپێکی باشە، هیوادارم یاریزانەکانمان لە رۆژ و کاتی خۆیان بن.
هەولێر 51 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی سێیەم دێت، دوای شکستی تەڵەبە بەرامبەر دهۆک، دەرفەتە هەولێر جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ تەڵەبەی ریزبەندی چوارەم بەرز بکاتەوە بۆ شەش خاڵ، غەڕافیش 32 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 14ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



