دروشمەکانی هاندەرانی ئیسپانیا دژ بە موسڵمانان و مەترسییەکانی لەسەر مۆندیالی 2030
ئیسپانیا و پۆرتوگال لەگەڵ مەغریب میوانداریی مۆندیالەکە دەکەن

یاریگا –
رووداوە نەخوازراوەکانی یاریی دۆستانەی نێوان ئیسپانیا و میسر لە هەرێمی کاتالوونیا، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئیسپانیا دروستکردووە. رووداوەکە لە کاتێکدایە کە ئیسپانیا خۆی بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 ئامادە دەکات.
رووداوەکە چی بوو؟
لە کاتی یارییەکەدا، بەشێکی زۆری هاندەرانی ئیسپانیا دروشمیان دژی ئیسلام و موسڵمانان دەگوتەوە، هاندەران بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد؛ “هەرکەسێک هەڵنەپڕێت موسڵمانە”.
هەڵوێستی ئیسپانیا بۆ رێگەگرتن لە رووداوەکە لە کاتی یارییەکە
سەرچاوەیەکی نێو فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئسپانیا بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاندووە، بەشی ئاسایشی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا لە کاتی رووداوەکەدا پەیوەندییان بە بەرپرسی ئاسایشی ئیسپانیۆلەوە کردووە و داوایان کردووە دەستێوەردان بکەن و کۆتایی بە دروشمەکان بهێندرێت. پاسەوانانی یاریگا لە دوو کاتدا نێردران بۆ قسەکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی وا گومان دەکرا سەرکردایەتی گوتنەوەی دروشمەکان دەکەن، بەڵام هیچ کەسێک لە یاریگا دەرنەکرا، چونکە دەستنیشانکردنی کەسەکان لەنێو هاندەرێکی زۆر قورس بووە.
سەرچاوەکە ئەوەشی ئاشکراکردووە، پرۆتۆکۆڵ جێبەجێ کراوە و پەیام لەسەر شاشە گەورەکان و بڵندگۆکان بڵاوکراوەتەوە و داوای راگرتنیان کردووە، بەڵام رەفتارەکان لە گێمی دووەمیشدا بەردەوام بوون.

کاریگەریی لەسەر مۆندیالی 2030
ئەم رووداوانە پرسیارێکی زۆری لەسەر توانای ئیسپانیا بۆ میوانداریکردنی مۆندیالی 2030 دروست کردووە، چونکە ئیسپانیا بڕیارە لەگەڵ مەغریب ‘کە وڵاتێکی موسڵمانە’ و پورتوگال مۆندیالەکە رێکبخات.
هەردوو یاریگای بێرنابیۆ لە ئیسپانیا و حەسەنی دووەم لە مەغریب، پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی مافی میوانداریکردنی یاریی کۆتایی مۆندیالەکە، بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی ئاتلێتیک، ئەم کێشەیە راستەوخۆ کاریگەریی کردووەتە سەر ئەو ململانێیەی لە نێوان ئیسپانیا و مەغریبدا هەیە بۆ میوانداریکردنی یاریی کۆتایی مۆندیالەکە.
تۆڕە ئەمریکییەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، رەنگە بەهۆی ئەو دۆخەوە پێگەی مەغریب بۆ داواکردنی میوانداریکردنی یاریی کۆتایی لە یاریگای حەسەنی دووەم لە کازابلانکا، بەهێزتر بێت، لەبری یاریگای بێرنابیۆی تایبەت بە یانەی ریال مەدرید.

زیان گەیاندن بە ناوبانگی نێودەوڵەتی
ئیسپانیا لە 21ـی حوزەیراندا لە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026 رووبەڕووی وڵاتێکی دیکەی موسڵمان دەبێتەوە کە سعوودیەیە. پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو فیدراسیۆنی ئیسپانیا و سعوودیە توندوتۆڵن؛ جامی سوپەری ئیسپانیا لە ساڵی 2019ـەوە لە سعوودیە بەڕێوەدەچێت و بەهۆی ئەو رێککەتنەوە فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا ساڵانە بڕی 40 ملیۆن یۆرۆی دەستدەکەوێت.
ئاتلێتیک لە زاری چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە هەردوو فیدراسیۆنی مەغریب و سعوودیە زانیویەتی، ئەوان رووداوەکەیان پێ ناخۆش بووە و زیانی بە وێنەی ئیسپانیا گەیاندووە، بەڵام رەتیانکردووەتەوە ئاشکرای بکەن کە لە بەرامبەردا هیچ هەڵوێستێکی فەرمی رادەگەیەنن یاخود نا.
کاردانەوەی بەرپرسانی حکومەتی ئیسپانیا
حکومەتی ئیسپانیا بە توندی سەرکۆنەی رووداوەکەی کرد. سەرۆکوەزیران پێدرۆ سانچێز رووداوەکەی بە قبووڵنەکراو ناوبرد و گوتی…
ناتوانین رێگە بدەین کەمینەیەکی ناشارستانی وێنەی ئیسپانیا بشێوێنن.
رافایل لۆزان، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا، داوای لێبووردنی لە باڵیۆزی میسر کرد و رووداوەکەی سەرکۆنە کرد. ئێستا لێکۆڵینەوەکان لەلایەن پۆلیسی بارسێلۆناوە بەردەوامن.
There were shocking scenes this week as Spain fans sang anti-Muslim chants during the team’s friendly against Egypt.
Lamine Yamal, the 18-year-old star Barcelona player and a practising Muslim, called those songs ‘racist and ignorant’.
With a police investigation now open, what… pic.twitter.com/dAewEJaoBr
— The Athletic | Football (@TheAthleticFC) April 4, 2026
شەوی شەرمەزاری لە ئیسپانیا؛ هاندەران درووشم دژ بە موسڵمانان لە یارییەکەی میسڕ دەڵێنەوە



