کۆنتی سزادرا بەڵام لە سڕکردن رزگاری بوو

ئەنتۆنیۆ کۆنتی ڕاهێنەری ناپۆلی سزای دارایی بەسەر سەپێنرا پاش تەقینەوە بەسەر ناوبژیوان دا لە یاری بەرامبەر کۆمۆ.
راهێنەری پارتینۆپێ زۆر توڕە بوو دوای ئەو فاوڵەی لەلایەن خاکۆبۆ ڕامۆنی بەرگریکاری کۆمۆ لەسەر ڕاسموس هۆیلۆند کرا، کە پێی وابوو بەلایەنی کەمەوە پێویستی بە پێداچوونەوەی ڤارهەبوو. یاریزانە ئیسپانییەکە لە کۆتاییی گێمی یەکەمدا هەمان ململانێی دووبارە کردەوە، بەڵام بێ وەرگرتنی کارتی زەرد ڕزگاری بوو.
کۆنتی لە کامێراکاندا دەرکەوت کە بە مانیانێلۆی ناوبژیوان دەڵێت ‘گەمژە***’ لە کاتی دەمەقاڵێیەکی تونددا لەگەڵ ئایرۆلدی، ناوبژیوانی چوارەم، هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ناوبژیوانەکە ‘بە ئەنقەست بەرامبەر من وادەکات’.
لێدوانەکانی ڕاهێنەرەکە بووە هۆی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە لەلایەن جۆزێپی کینێ، داواکاری گشتیی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا ، و بەپێی ماددەی 36ی یاسای دادوەریی وەرزشی، کۆنتی لەژێر مەترسیی سڕکردن بوو بۆ ماوەی لانی کەم چوار یاری بەهۆی ئەو ‘سووکایەتییەی’ بە ناوبژیوانانی کردبوو.
بەپێی ڕۆژنامەی کۆریێری دێلۆ سپۆرت، چەند ڕۆژێک دوای یارییەکەی ناپۆلی و کۆمۆ، کۆنتی لە لێکۆڵینەوەیەکی تایبەتدا لە نووسینگەی داواکاری گشتی پرسیاری لێکراوە.
بە لەبەرچاوگرتنی هاوکارییەکانی کۆنتی لەگەڵ لێکۆڵینەوەکەدا، نوێنەرە یاساییەکەی توانیویەتی لەگەڵ دەسەڵاتداران بگاتە ڕێککەوتنێک، کە بەپێی ئەوە بڕی ٦,٠٠٠ یۆرۆ سزای دارایی دەدرێت لەبری هیچ سڕکردنێک لە ڕۆژانی یارییەکاندا.
کۆمۆ لەم وەرزەدا توانی ناپۆلی لە جامی ئیتاڵیا بکاتە دەرەوە، لە خولی ئیتاڵیشدا لە خاکی ناپۆلی بەرامبەربوون. هەروەها هەردوو یانە لە پلەکانی سێهەم و چوارەمی ریزبەندی خولەکە دێن و ناپۆلی پێنج خاڵ لە پێشترە.