ئیسپانیاگرنگترین

بارسێلۆنا گرێبەستێکی نوێ پێشکەشی رۆبێرت لیڤاندۆسکی دەکات

بڕیار لە دەستی یاریزانەکەدایە

Yariga App

یاریگا –

یانەی بارسێلۆنا دەیەوێت بۆ وەرزێکی دیکە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بهێڵێتەوە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی خودی یاریزانەکەدایە.

رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، بارسێلۆنا گرێبەستێکی یەک ساڵەی بۆ لیڤاندۆڤسکی ناردووە، پێویستە تاوەکوو کۆتایی مانگی نیسان یان سەرەتای ئایار وەڵام بداتەوە، بۆ ئەوەی یانەکە بەرچاوروونی بۆ داڕشتنی پلانەکانی هەبێت.

وردەکارییەکانی گرێبەستە نوێیەکە

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە، کارگێڕیی یانەکە گرێبەستێکی یەک ساڵە پێشکەشی هێرشبەرە پۆڵەندییەکە کردووە، بەڵام بە مەرجی کەمکردنەوەی مووچەکەی بە رێژەی نزیکەی لە %50. لە بەرامبەردا، بڕی پاداشتەکانی پەیوەست بە گۆڵکردن و بەشداریکردن لە یارییەکان زیاد دەکات.

مەرجەکانی لیڤاندۆڤسکی

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەڕوو، لیڤاندۆڤسکی ئارەزووی مانەوە لە بارسێلۆنا دەکات، بەڵام دەیەوێت گفتوگۆی یەکلاییکەرەوە لەگەڵ هانزی فلیک و دیکۆ بکات، تاوەکوو بە روونی رۆلی خۆی لە وەرزی داهاتوو بزانێت، هەرچەندە یاریزانەکە ئامادەیە بە یەدەکیش بمێنێتەوە، ئەگەر بارسا هێرشبەرێکی دیکەی ژمارە 9 بکڕێت، بەڵام تەنیا هەست بە گرنگی و بەهای خۆی بکات.

بژاردەکانی دیکەی بەردەم لیڤاندۆڤسکی

هەرچەندە بریکاری کارەکانی یاریزانەکە پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ بارسێلۆنا هەیە، بەڵام چەندین ئۆفەری گەورە لەسەر مێزی یاریزانەکەن کە لانیکەم دڵنیایی دوو وەرزی پێدەدەن

  • خولی ئیتاڵی؛ ئۆفەری سەرنجڕاکێش لەلایەن یۆڤانتۆس و ئەی سی میلانەوە.

  • خولی ئەمریکی؛ یانەی چیکاگۆ فایر زۆرترین ئارەزووی گواستنەوەی هەیە.

  • تورکیا؛ ئۆفەری دارایی زۆر بەرز.

  • سعوودیە؛ هەرچەندە ئۆفەر هەیە، بەڵام وادیارە یاریزانەکە خۆی ئەو بژاردەیەی رەتکردووەتەوە.

کاریگەری لەسەر یاریزانەکانی دیکە

بارسێلۆنا بە روونی بە لیڤاندۆڤسکی گوتووە دەیانەوێت هێرشبەرێکی نوێی ژمارە 9 بە تایبەتمەندی جیاواز بگوازنەوە، خولیان ئالڤارێز، خەونی یانەکەیە، ئەگەر لیڤاندۆڤسکی گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە و هێرشبەرێکی نوێش بێتە یانەکە، ئەوا گەورەترین قوربانی فێران تۆرێس دەبێت، چونکە کارگێڕیی یانەکە پێی وایە نابێت سێ هێرشبەری سەرەکی لە یەک کاتدا لە تیپەکەدا بن.

لیڤاندۆڤسکی لە هاوینی ساڵی 2022 بە بەهای 45 ملیۆن یۆرۆ لە بایرن میونشنەوە پەیوەندی بە ریزەکانی بارسێلۆنا کرد، تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکان 184 یاریی بە درێسی بلاوگرانا کردووە، لەو ژمارە یارییە، 117 گۆڵی کردووە و 23 گۆڵیشی دروستکردووە.

بابەتی زیاتر

Back to top button