نامەیەکی واتسئاپ چارەنووسی فێرمین لۆپێز دەگۆڕێت
نامەی کەسێکی ناسیاوی چاڤی، بارسێلۆنای لە بەهرەمەندێکی وەکوو فێرمین ئاگادارکردەوە

یاریگا –
هەندێک جار راهێنەرێکی ئازا و کەمێک بەخت پێویستە بۆ گۆڕینی چارەنووسی یاریزانێک، ئەوەش بۆ فێرمین لۆپێز لەگەڵ چاڤی هێرناندێز روویدا.
رۆژنامەی مۆندۆ دێپۆرتیڤۆ نهێنییەکی ژیانی فێرمین لۆپێز و چۆنیەتی سەرخستنی بۆ تیپی یەکەمی بارسێلۆنا ئاشکرا دەکات.
📱 El ‘whatsapp’ que cambió el destino de Fermín
✍ @EduPolo https://t.co/isE6Orua4j
— Mundo Deportivo (@mundodeportivo) March 28, 2026
کاروانی وەرزشی فێرمین وەک یاریزانێکی ئاسایی لاماسیا نەبوو. هەرچەندە وەکوو منداڵێک لە ریال بێتیسەوە پەیوەندی بە یانەکەوە کرد، بەڵام بەتەواوی لەگەڵ تیپی لاوانی بارسا نەدرەوشایەوە، یانەکە هەمیشە گومانی هەبوو جەستەی یاریزانەکە بۆ ئەوە گونجاو نەبێت لەگەڵ تیپی یەکەم یاریی بکات. بەڵام چاڤی، راهێنەری ئەوکاتی یانەکە، نامەیەکی لە کەسێکی ئەندەلوسییەوە بە ناوی دۆمینگۆ پێگەیشت کە ناسیاێکی خۆی بوو، ئەو کەسە لە ئاست و توانای فێرمین لۆپێز ئاگاداریکردەوە.
لە نەبینراوییەوە بۆ سەرنجی چاڤی
کاتێک لە ساڵی 2021، چاڤی بووە راهێنەری بارسێلۆنا، فێرمین لە پلانەکانی لاماسیا بۆ گەیشتن بە تیپی یەکەم نەبوو و تەنانەت یاریزانی سەرەکی تیپی لاوانیش نەبوو. لە مانگەکانی سەرەتای دەستبەکاربوونی چاڤی، رۆژێک فێرمین لەگەڵ یەدەگەکانی دیکەی تیپەکەی چووە مەشقەکانی تیپی یەکەم و سەرنجی ستافی راهێنەرانی بەلای خۆیدا راکێشا بەڵام گرنگییەکی زۆری پێنەدرا و نەخرایە نێو پلانەکانی یانەکە. چەند مانگێک دواتر فێرمین بە خواستن بە یانەی لینارێس درا، فێرمین وەک یاریزانێک گەشەی کرد و بووە یاریزانێکی سەرەکی لە لینارێس.
نامە دەنگییەکەی دۆمینگۆ
رۆژێک، چاڤی نامەیەکی دەنگی دۆمینگۆوە پێدەگات، پیاوێکی ئەندەلوسی کە جارجارە زەیتی زەیتونی بۆ دەنارد. لە نامەکەدا، دۆمینگۆ چاڤی لە وەرزە نایابەکەی فێرمین لە لینارێس ئاگادارکردەوە و بیریخستەوە کە هێشتا یاریزانی بارسێلۆنایە.
ئەو نامە دەنگییە ژیانی فێرمینی گۆڕی. بە بیستنی، چاڤی دەستبەجێ ئەو یاریزانەی بیرکەوتەوە کە تەنیا یەک رۆژ لە مانگەکانی سەرەتایدا مەشقی پێکردبوو، بەڵام شتێکی تایبەتی تێدا بەدیکردبوو. دواتر داوای لە ستافەکەی کرد بەدواداچوونێکی ورد بۆ فێرمین بکەن. ئەستێرەکەی بارسا لە لینارێس لە هەمووان جیاوازتر بوو، گۆڵکاری تیپەکە بوو.
گەڕانەوە و درەوشانەوە لە ئەمریکا
دوای ئەو خواستنە، فێرمین هێشتا بەشێک نەبوو لە پلانەکانی بارسێلۆنا و دەیانویست بیفرۆشن یاخود جارێکی دیکە بە خواستن بیدەنە یانەیەکی دیکە. بەڵام چاڤی، بەهۆی ئاگادارکردنەوەکەی دۆمینگۆ، لەگەڵ ستافەکەیدا ماوەیەک بوو چاودێریی پێشکەوتنەکانی یاریزانەکەیان دەکرد، خستیە ناو لیستی ئەو یاریزانە لاوانەی کە پێش گەشتەکەی ئەمریکا دەستیان بە ئامادەکارییەکانی پێش وەرز دەکرد.
تەنیا یەک مەشق بەس بوو بۆ ئەوەی فێرمین باوەڕ و سەرنجی چاڤی بەدەستبهێنێت. دوای مەشقی ئامادەکاری، چاڤی سەرسام بوو بە یاریزانەکە و بە ستافەکەی گوت
سەرنجی فێرمینتان داوە؟ هەموو شتێک بە باشی دەکات، لە یارییەکە تێدەگات، کۆنتڕۆڵی هەردوو قاچی دەکات.
هەرچەندە لە سەرەتادا لە یاریزانانی یانەکە بۆ گەشتەکەی ئەمریکا نەبوو، چاڤی داوای کرد کە بەشداریی بکات، بردی بۆ گەشتەکە و چەند رۆژێک دواتر، لە یەکەم یاریی بەرامبەر ئارسیناڵ، بووە یەکەم یاریزانی لاو بەشداریی لە یارییەکەدا بکات. لە یاری دووەمیشدا بەرامبەر ریال مەدرید، گۆڵێکی نایابی کرد و گۆڵێکیشی دروستکرد، بەوەش خۆی بە هەموو جیهان ناساند.
فێرمین تاوەکوو ئێستا 127 یاریی لەگەڵ تیپی یەکەم کردووە، لەو ژمارە یارییە 31 گۆڵی کردووە و 27 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.



