
یاریگا –
دوای گەیشتنی هەواڵی پێکانی رافینیا، ئەستێرەی بارسێلۆنا، تووڕەیی و بێزارییەکی زۆر باڵی بەسەر یانەکەدا کێشاوە و لە یاریکردنی یاریزانەکە بە شێوەی سەرەکی لە یارییەکی لەم شێوەیە نیگەرانن.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، لە کاتێکدا تەنیا دوو مانگ بۆ کۆتاییهاتنی وەرز ماوە و هەموو یارییەک وەکوو یاریی کۆتایی سەیر دەکرێن، پێکانی رافینیا لە یارییەکی دۆستانەدا و هەزاران کیلۆمەتر دوور لە بارسێلۆنا، وەکوو بومەلەرزەیەک هانزی فلیک و یانەکەی هەژاندووە.
🚨 Parte médico de Raphinha
😟El FC Barcelona confirma que el brasileño sufre una lesión en el bíceps femoral de la pierna derecha
⚠️ Estará aproximadamente cinco semanas de baja
❌Un golpe duro para Flick en el tramo clave de la temporada: Raphinha se perderá los cuartos pic.twitter.com/hX1kK4FDbq
— Diario SPORT (@sport) March 27, 2026
26ـی ئازار، لە یاریگای جیڵێت، هەڵبژاردەی بەرازیل رووبەڕووی فەرەنسا بووەوە. گێمی یەکەم بە تاکە گۆڵێکی کیلیان ئیمباپێ کۆتایی هات، لەگەڵ فیکەی کۆتایی گێمی یەکەم، رافینیا لە ماسوولکەی رانی هەستی بە ئازارێکی زۆر کرد. کارلۆ ئانچێلۆتی، راهێنەری بەرازیل، دەستبەجێ بڕیاری گۆڕانکاری دا و رایگەیاند بەهۆی هەستکردن بە ئازار ئەو بڕیارەی داوە.
هانزی فلێک لەوپەڕی توڕەییدایە
دوای ئەوەی بارسێلۆنا بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، ستافی پزیشکانی هەڵبژاردەی بەڕازیل پشکنینی پزیشکیان بۆ رافینیا کردووە، دەرکەوتووە ماسوولکەی رانی تووشی پێکان بووە، بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەگەڕێتەوە بارسێلۆنا و پێشبینی دەکرێت تاوەکوو پێنج هەفتەی دیکە نەگەڕێتەوە. هانزی فلێک، راهێنەری یانەکە، کە رافینیا یەکێکە لە رۆحە سەرەکییەکانی پێکهاتەکەی، زۆر تووڕە بووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە کاتالوونییەکە، بارسێلۆنا لە هۆکاری یاریکردنی رافینیا لە یارییەکی دۆستانەدا کە هیچ گرنگییەکی نییە تێناگات و پێی وایە بەهۆی ماندوویی رێگا و گەشتی ئاسمانییەوە تووشی ئەو پێکانە بووە.
قەرەبووی فیفا برینەکان ساڕێژ ناکەن
بەگوێرەی یاساکانی فیفا، ئەگەر رافینیا بۆ زیاتر لە 28 ڕۆژ لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە، ئەوا یانەکە بڕێک پارە وەکوو قەرەبوو وەردەگرێت، بەڵام ئێستا کە یانەکە لە قۆناخی یەکلاکەرەوەی وەرزەکەدایە و کێبڕکێی نازناوەکان دەکات، هیچ قەرەبوویەکی دارایی ناتوانێت جێگەی بوونی رافینیا لە ناو یاریگادا بگرێتەوە.



