
یاریگا –
هەولێر بەیاننامەیەکی ناڕەزایی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێن چیتر قبوڵ ناکەین ئەم جۆرە ناوبژیوانانە یارییەکانمان بەڕێوەببەن.
له دوا یاریی گەڕی 24ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەبێ گۆڵ لەگەڵ نەفتی میسان یەکسان بوو، لە خولەکی 38ـی یارییەکە پێکدادانێک لە نێوان هێرشبەری هەولێر و یاریزانێکی نەفتی میسان لە نێو هێلی سزای نەفتی میسان هەبوو، ناوبژیوانیش هیچ بڕیارێکی نەداو نەگەڕایەوە ڤاڕیش بۆ سەیرکردنەوەی.
بەم هۆیەوە یانەی هەولێر دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، عەلی ئەحمەد شاکر، ناوبژیوانی یارییەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە لێدانێکی سزای درووستی بۆ هەولێر هەژمار نەکردووە، هەر بۆیە بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتیان بڵاوکردەوە و دەڵێن چیتر قبوڵ ناکەین ئەم جۆرە ناوبژیوانانە یارییەکانمان بەڕێوەببەن، چونکە ئەم وەرزە چەندین جارە دەبینە قوربانی بڕیارەکانی ناوبژیوانان.
بەیاننامەی ناڕەزایەتی یانەی هەولێر
بەداخەوە لەم وەرزە بەداتا و بەبەڵگە بەهۆی زوڵم و هەڵەی ناوبژیوانان و ژووری ڤار چەند خاڵێک دزراوە لەیانەکەمان .
هەموو ئەو هەڵانەی ناوبژیوانان هەڵەی زەق بوون و لەهەمان کات ئەنجامی یارییەکانی یانەکەمانیان گۆڕیوە ،دەتوانین بڵێین ئەمساڵ یانەکەمان زەرەرمەندی یەکەم بووە لەهەڵەی ناوبژیوانان بەداخەوە.
بەداخەوە ئەمڕۆش هەمان زوڵم دووبارە و دەبارە کرایەوە بەرانبەر تیپەکەمان و بەرۆژی روناک ناوبژیوانی یاری ئەمڕۆمان بەرانبەر نەفتی میسان لەگەڕی ٢٤ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق زۆربەی بڕیارەکانی دژی یانەکەمان بوو وەک لەو پارچە ڤیدیۆیە زۆر بەروونی دیارە ناوبژیوانی ژووری ڤار خۆی دەدزێتەوە لە بانگهێشتنی ناوبژیوانی ناوەراست کە لێدانێکی سزای روون و ئاشکرایە بۆ یانەکەمان.
بۆیە لەم بەروارە بەولاوە بەهیچ شێوەک قبوڵی ناکەین ئەم جۆرە ناوبژیوانانە یارییەکانی یانەکەمان بەڕێوەببەن چونکە لەوئاستەدا نین بەداخەوە ئەم جۆرە ناوبژیوانانە هۆکارن بۆ لەکەدارکردنی وێنەی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق ،بەوپێیەی یانەکەمان ئێستا ململانێ لەسەر چوارگۆشەی زێرینی خولەکە دەکات و بەمافی رەوای خۆمان دەزانین ئەم داوایە بکەین.



