ساندرۆ تۆنالی لەنێوان دوو مانچێستەرەکە و گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا کامیان هەڵدەبژێرێت؟
دوو جەمسەرەکەی مانچێستەر ئارەزووی گواستنەوەی دەکەن

یاریگا –
ساندرۆ تۆنالی، ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی نیوکاسڵ یونایتد، بووەتە چەقی ململانێیەکی گەورە لە نێوان مانچێستەر سیتی و مانچێستەر یونایتد، بەڵام دڵی یاریزانەکە لە شوێنێکی دیکەیە.
ماڵپەڕی تۆک سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، سەرەڕای گرنگپێدانی هەردوو مانچێستەرەکە، تۆنالی خوازیارە بگەڕێتەوە ئیتاڵیا و لە یانەیەکی سێریا ئەی یاریی بکاتەوە.
🚨 Manchester City and Manchester United are both interested in signing Newcastle United’s Italy midfielder Sandro Tonali.
However, the former AC Milan player would prefer a return to his homeland if he were to leave Newcastle.
(Source: @talkSPORT) pic.twitter.com/RgAeysmSyz
— Transfer News Live (@DeadlineDayLive) March 25, 2026
جەنگی سوور و شین لەسەر تۆنالی
هەردوو جەمسەرەکەی شاری مانچێستەر، پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ دەیانەوێت هێڵی ناوەڕاستیان بەهێز بکەن. مانچێستەر یونایتد تۆنالی وەک جێگرەوەیەکی نایاب بۆ کاسێمێرۆ دەبینێت کە بڕیارە لە کۆتایی وەرز یانەکە بەجێبهێڵێت. لە لایەکی دیکەوە، پێپ گواردیۆلا و مان سیتی دەیانەوێت بە گواستنەوەی ئەستێرە ئیتاڵییەکە، وزەیەکی نوێ بە هێڵی ناوەڕاستیان ببخشن.
بۆ نیوکاسڵ، فرۆشتنی تۆنالی بە نرخێکی بەرز دەبێتە دەستکەوتێکی دارایی گەورە، تاوەکوو بتوانن هاوسەنگیی بودجەکەیان بپارێزن و یاریزانی نوێی پێ بکڕن.
خەونی گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا
سەرەڕای ناوبانگ و پارە زۆرەکەی مانچێستەرەکان، تۆنالی ئارەزوویەکی زۆری هەیە بۆ نیشتیمانەکەی خۆی بگەڕێتەوە. ئەستێرەکەی هێڵی ناوەند، لە ساڵی 2023 بە 70 ملیۆن یۆرۆ لە ئەیسی میلانەوە رووی لە ئینگلتەڕا کرد، وەرزی ڕابردوو بەهۆی سزای 10 مانگی گرەوکردن (قومارکردن) کاتێکی سەختی بەڕێکرد. هەرچەندە هاندەرانی نیوکاسڵ پشتگیرییان کرد، بەڵام، بەگوێرەی زانیارییەکانی هەمان سەرچاوە، نوێنەرەکانی تۆنالی خەریکی دۆزینەوەی رێگەیەکن ئەستێرەکە بگەڕێننەوە سێریا ئەی.
بەربەستە داراییەکان
گەورەترین کێشە لەبەردەم گەڕانەوەی تۆنالی بۆ سێریا ئەی، پارەیە، یانە گەورەکانی ئیتاڵیا وەک یوڤێنتوس و میلان، توانای ئەوەیان نییە ئەو بڕە پارە زۆرەی نیوکاسڵ بدەن کە بۆ کڕینی تۆناڵی خەرجی کردبوو. هەروەها ناتوانن ئەو مووچە خەیاڵییەی بۆ دابینبکەن کە لە پرێمەرلیگ وەریدەگرێت.
ئەم راستییە رەنگە ناوەڕاستکارە ئیتاڵییەکە ناچار بکات دەستبەرداری خەونی گەڕانەوە بۆ ئیتاڵیا بێت و پەیوەندی بە یەکێک لە یانەکانی مانچێستەرەوە بکات، چونکە ئەوە تەنها رێگەیە لە رووی وەرزشی و داراییەوە بۆی دەستبدات.
تۆنالی یەکێکە لە یاریزانە گرنگ و سەرەکییەکانی نیوکاسڵ و تاوەکوو هاوینی ساڵی 2029 گرێبەستی لەگەڵ یانەکەیدا هەیە. تاوەکوو ئێستا 104 یاریی بە درێسی یانەکە کردووە، لەو ژمارە یارییە 10 گۆڵ و 10 ئەسیستی کردووە.



