
یاریگا –
پێش دوو رۆژ لە رووبەڕووبوونەوەیان، یانەی غەڕاف راهێنەری وەرزی رابردووی نەورۆزی کردە راهێنەری تیپەکەی.
دوای دەست لەکارکێشانەوەی حەیدەر عوبێد لە ئەرکی راهێنەرایەتی غەڕاف، کارگێڕی غەڕاف بە فەرمی گرێبەستیان لەگەڵ قەحتان جەسیر راهێنەری پێشووی نەجەف و وەرزی رابردووی نەورۆز واژۆکرد، هێنانی قەحتان بۆ دوو رۆژ پێش یارییەکەی غەڕافە بەرامبەر نەورۆز کە بڕیارە چوارشەممە ( 25ـی ئاداری 2026 ) لە سلێمانی رووبەڕووی یەکتر ببنەوە.
وەرزی رابردوو قەحتان جەسیر و سامر سەعیدی یاریدەدەری توانیان نەورۆز لە خولی ئەستێرەکانی عێڕاق بهێڵنەوە، پێش ئەوان بە سەرپەرشتی جۆرڤان ڤێیڕا نەورۆز لە دۆخێکی خراپدا بوو، ئەم وەرزەش قەحتان ئەرکی راهێنەرایەتی نەجەفی وەرگرت بەڵام نەیتوانی تیپەکە لە قەیرانی ئەنجامی خراپ رزگار بکات و دەستی لەکارکێشایەوە.
قەحتان پێشووتر راهێنەرایەتی یانەکانی قوەجەوییە، تەڵەبە، نەجەف، شوڕتە، نەورۆز، لەگەڵ سناعە کردووە.



