
یاریگا –
بەشێکی لە یاریزانانی ریال مەدرید پاڵپشتی ئالڤارۆ ئاربێلوا دەکەن و ئارەزوو دەکەن بۆ وەرزی داهاتوو لە راهێنەرایەتی یانەکە بمێنتەوە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویکردووەتەوە، ئەگەر ئێستا لەنێو ژووری خۆگۆڕینی ریال مەدرید هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنی راهێنەری داهاتووی یانەکە بکرێت، ئاربێلوا دەنگی زۆرینە بەدەستدەهێنێت، چونکە کەشێکی لەبار و ئارامی لە ژووری خۆگۆڕین رەخساندووە.
🔥 Arbeloa cuenta con el respaldo de gran parte de la plantilla para continuar la próxima temporada
✍️ Informa @jigochoa https://t.co/qwxLjtPPlp
— MARCA (@marca) March 23, 2026

ئاربێلوا دابەشبوونی یاریزانەکانی نەهێشتووە
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامە مەدریدییەکە، ئاربێلوا، کەشی ژووری خۆگۆڕینی مێرەنگی گۆڕیوە، چیدیکە یاریزانەکان بەسەر دوو بەرە دابەشنەبوونە و دڵخۆشی و ئارامی بۆ ژووری خۆگۆڕینی یانەکە گەڕاوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئاربێلوا لەگەڵ تاک بە تاکی یاریزانەکان دادەنیشێت و رۆژانە بە جیا قسەیان لەگەڵدا دەکات، هیچ شتێکیان لێ ناشارێتەوە و تەنانەت ئەگەر شتێکی خراپیش هەبێت پێیان دەڵێت. لەگەڵ ئەوەشدا، راهێنەرە ئیسپانییەکە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکان بەردەوام پشتی یاریزانەکانی دەگرێت، ئەگەر یاریزانێک خراپ یاریی بکات، ئاربێلوا لەبەردەم میدیا بەرگری لێ دەکات بەڵام لە ژووری خۆگۆڕین بە تایبەت لەگەڵی دادەنیشێت و هەڵەکانی بۆ راستدەکاتەوە. نزیکترین نموونە بەراوردکردنی ڤالڤێردی بوو بە خوانیتۆی ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید، کە ئاربێلوا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی “ڤالڤێردی خوانیتۆی سەدەی 21ـە”.
بەڵام ئاربێلوا بە تەنیا ئەو کارەی نەکردووە، ستافێکی کارای هەیە کە پەیوەندییەکی زۆر باشیان لەگەڵ تەواوی یاریزانەکانی یانەی شاهانە هەیە، ئەوەش یارمەتیدەرییەکی زۆر باشی راهێنەرەکەیە، بە پێچەوانەی چابی ئاڵۆنسۆ کە یاریزانەکانی یانەکە گلەییان لە یاریدەدەرانی راهێنەرە باسکییەکە هەبوو.

بڕیارەکانی ئاربێلوا رێزلێگیراون
مارکا ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئاربێلوا توانیویەتی رێزی یاریزانانی تیپەکەی بەدەستبهێنێت و لە دەرکردنی بڕیاری گەورە ناترسێت، بە نموونە؛ دوورخستنەوەی ئالێکساندەر ئارنۆڵد لە پێکهاتەی سەرەکی، وەکوو سزایەک لەبەرامبەر دواکەوتنی لە راهێنانەکان.

ئەستێرەکان خۆشیاندەوێت
ئاربێلوا دڵی ئەستێرەکانی مەدریدی بەدەستهێناوە، کارێکی کردووە هەموو یاریزانانی یانەکە هەست بە گرنگی خۆیان بکەن. مارکا لە زاری سەرچاوەیەکی نێو یانەکە ئاشکرایکردووە؛ ڤینیسۆس، ڤالڤێردی، رودیگەر، چوامینی و کۆرتوا پاڵپشتی مانەوەی ئاربێلوا دەکەن بۆ وەرزی داهاتوو.

بووژاندنەوەی ئەکادیمیای ریال مەدرید
لە سایەی ئاربێلوا، ئەکادیمیای ریال مەدرید ساتێکی زێڕین بەڕێدەکات، چونکە تەنیا کاتی بە یاریزانەکان نەداوە، بەڵکوو وەکوو یاریزانی سەرەکی و گرنگ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات، بە نموونە تیاگۆ پیتارچی تەمەن (18 ساڵ) کە لە چەند یاریی رابردوو سەرەکی بووە لە دوو یاریی بەرامبەر مانچێستەر سیتی و دێربیی مەدرید رۆڵ و کاریگەری گەورەی پێدرابوو، هەروەها مانوێل ئانخێل (22 ساڵ)، دانیێل یانێز (18 ساڵ)، دیێگۆ ئاگوادۆ (19 ساڵ) و سێزار پالاسیۆس (21 ساڵ) وەکوو یەدەک لە بەرامبەر ئێڵچێ بەشدارییان کرد و یانێز توانی گۆڵێک دروستبکات.



