
یاریگا –
رافینیا، ئەستێرەی بارسێلۆنا بڕیاری کۆتایی دەدات و کۆتایی بە ئەگەرەکانی رۆیشتنی لە بارسێلۆنا دەهێنێت.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، رافینیا بڕیاردەدات تاوەکوو چەند ساڵێکی دیکە لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە چەندین یانەی دیکەوە بایەخ بە گواستنەوەی دەدرێت.
🚨 La decisión de Raphinha sobre su futuro en el Barça
📈 El brasileño acaba contrato en el 2028 y sigue siendo uno de los jugadores más cotizados de la plantillahttps://t.co/OT66kf6Htk
— Diario SPORT (@sport) March 21, 2026
رۆژنامە کاتالوونییەکە ئەوەشی روونکردووەتەوە، ئەستێرە بەڕازیلییەکە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی سیستەمەکەی هانزی فلیک و بارسێلۆنا لە گرنگی یاریزانەکەی تێگەیشتووە، یانەکە تێگەیشتووە لە نەبوونی رافینیا توانای گۆڵکردنی تیپەکە بە رێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت.
نرخی رافینیا لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان بە 80 ملیۆن یۆرۆ دەخەمڵێندرێت، هەموو هاوینێک دەنگۆی رۆیشتنی لە بارسێلۆنا بڵاودەبێتەوە بەڵام یاریزانەکە هەمیشە مانەوەی لە یانەکەی هەڵبژاردووە، لە ساڵی 2025 گرێبەستەکەی تاوەکوو ساڵی 2028 نوێکردەوە و ئێستا دەیەوێت بۆ دوو ساڵی دیکەش گرێبەستەکەی درێژبکاتەوە.
هەمان سەرچاوە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، یانەکانی خولی سعوودی چەندین ئۆفەریان پێشکەشی رافینیا کردووە بەڵام ناوبراو سەرجەمیانی پشتگوێخستووە، هەروەها بڕیاریداوە لەدوای تەواوبوونی مۆندیالی 2026ـیش گوێ بەو ئۆفەرانە نەدات کە پێشکەشی دەکرێن.
رافینیا لە ساڵی 2022 بە بەهای 58 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی لیدز یونایتدەوە پەیوەندی بە بارسێلۆنا کرد، 174 یاریی بە درێسی بلاوگرانا کردووە، لەو ژمارە یارییە توانیویەتی 74 گۆڵ بکات و 59 گۆڵیشی بۆ هاوڕێکانی دروستکردووە.



