دوای گەیشتنیان بە قۆناخی چارەكی كۆتایی؛ بارسێلۆنا تاوەكو ئێستا چەندی لە چامپیۆنزلیگ دەستكەوتووە؟

یاریگا –
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی خۆی گەیاندە قۆناخی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ دوای بردنەوەی لە نیوكاسڵی ئینگلیزی.
شەوی رابردوو بارسێلۆنا لە یاریگای سپۆتیفای كامپ نۆوی تایبەت بە خۆی میوانداری نیوكاسڵی كرد و یارییەكەشی بە ئەنجامی حەفت گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لێبردەوە و بە ئەنجامی هەردوو یاریی 8-3 نیوكاسڵی تێپەڕاند و خۆی گەیاندە قۆناخی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگ.
تیمەكەی هانزی فلیکی ئەڵمانی لە قۆناخی چارەكی كۆتاییدا رووبەڕووی ئاتلێتیكۆ مەدریدی دیێگۆ سیمیۆنی دەبێتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی سپۆرت، بارسێلۆنا ئێستا نزیكەی 64 ملیۆن یۆرۆی لە بەشدارییكردنی چامپیۆنزلیگی ئەم وەرزەدا دەستكەوتووە و پێشبینی دەكرێت ئەو ژمارەیە دوای گەیشتنیان بە قۆناخی چارەكی كۆتایی زیاتر بێت.
وردەكاری قازانجەكانی بارسێلۆنا لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ:
- 18.62 ملیۆن یۆرۆ وەكو قازانجی بەشدارییكردن لە قۆناخی خول – چامپیۆنزلیگ.
- 11.64 ملیۆن یۆرۆ بەرامبەر سەركەوتن بۆ قۆناخی 16.
- 10.5 ملیۆن یۆرۆ بەرامبەر پێنج بردنەوە لە قۆناخی خول.
- 0.7 بەهۆی یەكسان بوون لە یارییەكی قۆناخی خول.
- 12.5 ملیۆن یۆرۆ بەرامبەر گەیشتن بە قۆناخی چارەكی كۆتایی.
جیا لەوانەش یانەكە سوودمەند دەبێت لە داهاتی مافی پەخشی تەلەفزیۆنی و فرۆشتنی بلیتەكان ئەمەش کۆی قازانجەکانی یانەکە لەم وەرزەی پاڵەوانێتییەکەدا زیاتر دەکات.



