فەرمی؛ دۆناڵد ترەمپ چارەنووسی هەڵبژاردەی ئێران بۆ مۆندیال یەکلایی دەکاتەوە
سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی فیفا کۆبوونەوەیەکەی بەپەلەیان کردووە

یاریگا –
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا رایگەیاند، لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبووەتەوە و ترەمپ پاڵپشتی خۆی بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 دەربڕیووە.
هەفتەی رابردوو لە ئاتڵانتا لووتکەی فیفا بۆ هەڵبژاردە بەشداربووەکانی مۆندیال بەڕیوەچوو، هەڵبژاردەی ئێران تاکە هەڵبژاردە بوو بەشداریی لووتکەکەی نەکرد، ئەمەش گومانی لەسەر ئامادەبوونی ئەو هەڵبژاردەیە لە مۆندیال دروستکرد، چونکە یارییەکانی ئێران لە خاکی ئەمریکا بەڕێوەدەچن و گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەش زیاتر پەرەیانسەندووە.
دۆناڵد ترەمپ هەفتەی رابردوو لە لێدوانێکی بۆ پێگەی پۆلیتیکۆ گوتبووی گرنگی بە بەشداریکردنی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیال نادات و ئێران دەوڵەتێکی شکستخواردووە.
ئەم ئێوارەیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کۆبوومەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئامادەکارییەکانی مۆندیال و زیادبوونی پەرۆشی خەڵکی، کە تەنیا 93 رۆژ بۆ دەستپێکی مۆندیال ماوە.
هەروەها گفتوگۆمان لەسە دۆخی ئێستای ئێران کرد و ئەومان خستە بەرباس کە ئەو هەڵبژاردەیە خۆی گەیاندووەتە مۆندیال و لە کاتی گفتوگۆکان سەرۆک ترەمپ دووپاتیکردەوە بەدڵناییەوە بەخێرهاتنی هەڵبژاردەی ئێران دەکەن بۆ ئەمریکا و بەشداریی کردنیان لە مۆندیالی 2026.
هەموومان پێویستمان بە بۆنەیەکی وەکوو مۆندیالە بۆ ئەوەی خەڵکی زیاتر لە هەموو کاتێکی دیکە کۆبکتەوە و لە دڵەوە سوپاسی سەرۆک ترەمپ دەکەم بۆ پاڵپشتییەکانی و ئەوەش جارێکی دیکە نیشانیدەدات تۆپی پێ زیاتر لە هەموو شتێکی دیکە جیهان یەکدەخات.
View this post on Instagram
ئێران چوارەم جارە بەدوای یەک خۆی دەگەیەنێتە مۆندیال، بەڵام مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاندووە، چڕی ئەو هێرشانەی کە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە دەکرێتە سەر وڵاتەکەیان، ئاماژەیەکی باش نییە بۆ بەشداری کردنیان لە مۆندیال کە بڕیارە لە نێوان 11ی حوزەیران بۆ 19ی تەمموزدا بەڕێوەبچێت.
ئێران لە کۆمەڵەی دووەمدا شانبەشانی بەلجیکا، میسر و نیوزلەندا یاریی دەکات و بڕیارە هەر سێ یارییەکەی لە ئەمریکا بەڕێوبچن، و دوو یاریی لە لۆس ئانجڵس و یارییەکەی دیکەشی لە سیاتڵ دەکرێت.
ئەگەر هەردوو هەڵبژاردەی ئەمریکا و ئێران لە کۆمەڵەکانی خۆیاندا پلەی دووەم بەدەست بهێنن، ئەوا هەردوو هەڵبژاردە لە سێی تەمموز لە شاری داڵاس لە یارییەکی قۆناخی کرانەدەرەوە رووبەڕوو دەبنەوە.



