
یاریگا –
چوارشەممەی داهاتوو، لە یاری چوونی قۆناخی 16ـی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری مانچێستەر سیتی دەکات.
ئەم رووبەڕووبوونەوەیە کە لە ساڵانی دواییدا زۆر دووبارە بووەتەوە، شتێکی چاوەڕواننەکراو سەرنجڕاکێشی تێدایە کە پەیوەستە بە تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکیی یانەی ریاڵ مەدریدەوە.
بەپێی رۆژنامەی مارکا، کۆرتوا وەک یاریزانی ریاڵ مەدرید یاری زیاتری بەرامبەر مانچستەر سیتی كردوووه وەک لەو چوار وەرزەی کە لە خولی نایابی ئینگلیزی پریمەرلیگ لەگەڵ یانەی چێڵسی یاری دەکرد.
ئامارەکانی کۆرتوا بەرامبەر مانچستەر سیتی:
لەگەڵ چێڵسی: ههشت یاری بەرامبەر سیتی كردووه (3 دۆڕان، 2 یەکسانبوون، 3 سەرکەوتن).
لەگەڵ ریاڵ مەدرید: تەنیا لە چوارچێوەی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپادا، 9 یاری بەرامبەر سیتی كردووه (5 دۆڕان، 3 سەرکەوتن، 1 یەکسانبوون).
مارکا دەڵێت:
“مانچستەر سیتی ئەو یانە ئینگلیزییەیە کە کۆرتوا زۆرترین جار ڕووبەڕووی بووەتەوە کە کۆی گشتی 17یارییە. لیڤەرپوول لە پلەی دووەمدایە، کە کۆرتوا 15 جار ڕووبەڕووی بووەتەوە (8جار لەگەڵ چێڵسی و 7 جار لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید).”
کلاسیکۆیەکی نوێ:
رۆژنامە ئیسپانییەکە یارییەکانی ریاڵ مەدرید و مانچێستەر سیتی بە یەکێک لە کلاسیکۆ نوێیەکانی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا وەسف کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “هەرچەندە ئەم یارییە هێشتا دوورە لە ژمارەی رووبەڕووبوونەوەکانی ریاڵ مەدرید و بایرن میونشن (28یاری و ڕیاڵ مەدرید و یوڤینتوس 22یاری، بەڵام دوای یارییەکەی چوارشەممەی داهاتوو، ریاڵ مەدرید و مانچێستەر سیتی دەبێتە سێیەم زۆرترین ڕووبەڕووبوونەوەی دووبارەبووەوە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا و هاوتا دەبێت لەگەڵ ژمارەی یارییەکانی نێوان میلان و بارسێلۆنا كه (17یارییه).



