دوایین زانیاریی؛ ئێمباپێ و بێڵینگهام بۆ یارییەکەی مانچێستەر سیتی ئامادەن؟
سوپەر کیلیان گەڕاوەتەوە مەدرید

یاریگا –
دوایین زانیاریی لەبارەی ئەگەرەکانی ئامادبوونی جود بێڵینگهام و کیلیان ئێمباپێ بۆ یارییەکەی ریال مەدرید ئاشکرا دەکرێت.
ئەنتوان سێمۆنۆ، رۆژنامەنووسی لێکیپ ئاشکرایکردووە، ئێمباپێ زۆر حەزدەکات لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی یاریی بکات و هەموو هەوڵێکی بۆ ئەوەیە لەم وەرزە چامپیۆنزلیگ و لالیگا بباتەوە.
ئەنتوان روونیکردووەتەوە، کیلیان هەستی بەوە کردووە تیپەکە بەبێ ئەو ئاستی دابەزیووە و هەست دەکات ئامادەبوونی ئەو گرنگییەکی زۆری بۆ تیمەکەی هەیە بەڵام ئەستەمە بتوانێت بەشداریی ئەو یارییە بکات، پێشبینی دەکرێت لەسەر کورسی یەدەک بێت بەڵام بە هیچ شێوەیەک بۆ یاریکردن ئامادە نییە.
هێرشبەرە فەڕەنسییەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە جۆری پێکانەکەی گەشتی فەرەنسای کردبوو، درەنگانی شەوی رابردوو گەڕایەوە مەدرید.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی لیکیپ، ئێمباپێ لە مەدرید چەند تاقیکردنەوەیەک دەکات تاوەکوو بزانێت بۆ یاریی دووەم ئامادە دەبێت یاخود نا.
📸 IMAGEN @elchiringuitotv 📸
🛬🐢 Así ha llegado Mbappé a Madrid tras pasar unos días en París. pic.twitter.com/6HKvVSJaM1
— El Chiringuito TV (@elchiringuitotv) March 8, 2026
سەبارەت بە جود بێڵینگهام، ناوەڕاستکاری ئینگلیزی، رادیۆی کادینا کۆپێ لەدوایین زانیارییدا ئاماژەی بەوە کردووە، زۆر زەحمەتە بێڵینگهام بۆ یاریی یەکەمی بەرامبەر مانچێستەر سیتی ئامادەبێت و جود هێشتا بۆ یاریکردن ئامادە نییە.
بۆیە بە ئەگەرێکی زۆر ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ بەبێ ئێمباپێ و بێڵینگهام رووبەڕووی مانچێستەر سیتی دەبێتەوە.
چوارشەممە 11ـی ئازاری 2026 کاتژمێر 23:00 بەکاتی هەولێر ریال مەدرید لە یاریی چوونی قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ میوانداری مانچێستەر سیتی دەکات.
لە 17ـی هەمان مانگ و لە یاریی گەڕانەوەدا لە یاریگای ئیتیحاد دەبێتە میوانی سیتیزنس.



