
یاریگا –
نەورۆز لە ئەرکێکی قورسدا لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر دهۆک یاریی دەکات، راهێنەری تیپەکەش هۆکاری ئاستەبەرزەکانی ئەم دواییەیان ئاشکرا دەکات.
دوو شەممە ( 3ـی ئاداری 2026 ) نەورۆز کاتژمێر 9:30ـی شەو لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە ئەرکێکی قورسدا رووبەڕووی دهۆک دەبێتەوە، بۆ ئەم یارییه نەورۆز لە توانای بەرگریکاری بەرازیلی جیفرسۆن بێبەش دەبێت کە گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی، جۆشوا ئەکپۆدجی نایجیریش بە هۆی پێکانەوە ناتوانێ بەشداری یارییەکە بکات.
وەلی کەریم، راهێنەری نەورۆز باس لە ئامادەکاری تیپەکەی بۆ یارییەکەی بەرامبەر دهۆک کرد و گووتی:
یاریزانەکان بە پەرۆشەوە بۆ ئەم یارییە ئامادەن، هەوڵدەدەین شوێنی ئەم دوو یاریزانە پڕبکەینەوە کە ناتوانن لەگەڵمان بن لەم یارییەدا، ئێمە لەکاتی گواستنەوەی زستانە گۆڕانکاری باشمان کرد و تیپەکە سوودێکی زۆری لە یاریزانە نوێیەکان وەرگرتووە، توانیمان تا ڕادەیەکی باش نەورۆز لە ریزبەندی دواوە رزگار بکەین، هێزی ئێستای نەورۆز لە هێلی هێرشبەردایە، زیاتر لە حەفت یاریزانیمان هەیە لە هێرشبەر کە سەرجەمیان گۆڵکارن و لە ئاستێکی بەرزدان.
لە کۆتا چوار یارییدا سوور پۆشەکانی سلێمانی سێ سەرکەوتن و تەنها یەک شکستیان هەیە ئەویش بەرامبەر قوەجەوییە بوو، نەورۆز بە 22 خاڵ لە ریزبەندی 14ـی خولەکە دێت و دهۆکیش بە 27 خاڵ لە ریزبەندی 10ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



