
یاریگا –
رومێلو لوكاكو، هێرشبەری بەلجیكی پێش پەیوەندیكردنی بە یانەی ناپۆلیەوە خۆی بە یاریزانێكی مردوو وەسف دەكرد.
لوكاكو لە هاوینی 2024 لە ریزەكانی چێڵسیەوە بە بەهای 30 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ناپۆلیەوە كرد وگرێبەستەكەی لەگەڵ ئەو یانەیە لە ساڵی 2027 بەسەردەچێت.
شەوی رابردوو ڤێرۆنا لە یاریگای خۆی میوانداری ناپۆلی كرد و یارییەكەش بە بردنەوەی یانەی میوان بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک كۆتاییهات، لە میانی یارییەكانی گەڕی 27 سێریا ئەی.
لوكاكو لە خولەكی 96 گۆڵی دووەم و بردنەوەی بۆ ناپۆلی كرد و سێ خاڵی گرنگی پێشكەشی یانەكەی كرد.
لوکاکو بەهۆی پێکانەوە ماوەی 9 مانگ بوو هیچ گۆڵێکی نەکردبوو، هەروەها لەم دواییانەشدا بەهۆی کۆچی دوایی باوکییەوە تووشی شۆکێکی گەورە بوو.
لەدوای یارییەكەی هێرشبەرە بەلجیكیەكە گوتی؛
بۆ یانەكەم دڵخۆشم، جێگەی داخە گۆڵێکمان لێکرا، بەڵام بە سێ خاڵی یارییەكەوە دەگەڕێینەوە.
لەسەر ئاستی کەسی، چەند مانگێکی سەختم بەڕێکرد، تۆپی پێ زۆری پێ بەخشیم، بەڵام لەدەستدانی باوکم بەو شێوەیە زۆر ئازاربەخش بوو. لەپێناو منداڵەکانم، براکانم و ناپۆلی كە زۆریان پێبەخشیم بەردەوام دەبم.
پێش ئەوەی بێمە ئێرە یاریزانێکی مردوو بووم، ئەم وەرزە سەختە، بەڵام دەبێت چاومان لە لوتکە بێت.
ئانتۆنیۆ كۆنتی دەربارەی رومێلو لوكاكو گوتی؛
تووشی پێکانێکی زۆر مەترسیدار ببوو، لە قەبارەی ئەو ئازارەی كە پێیدا تێپەڕی تێدەگەم، چونکە ئەو دەیەوێت بەهۆی ئەو پەیوەندیەی لە نێوانماندا هەیە یارمەتی ناپۆلی و منیش بدات.
ئاگاداری دەبین و بە جیدی کاری لەگەڵدا دەکەین، هێشتا نەبووەتەوە بەو یاریزانەی کە دەیناسین، بەڵام خەریکە لێی نزیک دەبێتەوە و ئەم گۆڵەش متمانەی پێ دەبەخشێت. مۆندیال لە رێگایە و هیوادارم لەگەڵ كێڤن دی برۆین بەشداری بكات.
ناپۆلی بە كۆكردنەوەی 53 خاڵ لە ریزبەندی سێیەمی سێریا ئەی دێت و بە جیاوازی 14 خاڵ لە دوای ئینتەر میلانی پێشەنگەوە دێت.



