جەنگە سەختەکە؛ ریال مەدرید، لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی گرنگی بە ئەستێرەیەک دەدەن

یاریگا –
ریال مەدرید و دوو زەبەلاحی پرێمەرلیگ گرنگی بە یاریزانێک دەدەن بەڵام بارسێلۆنا لە رکابەرییەکەدا نییە.
لە رۆژانی رابردوو چەند هەواڵێک بڵاوبوونەوە کە بایرن میونشن لە گرنگیپێدانی ریال مەدرید بە نیکۆ شلۆتێربێک، بەرگریکاری بۆروسیا دۆرتموند نیگەرانە و ترسی هەیە لە چنگیان دەربچێت. کریستیان فاڵک رۆژنامەنووسی ناودار سەرجەم ئەو هەواڵانەی بە ناڕاست ناوبرد و رەتیکردەوە بایرن میونشن بە هیچ شێوەیەک گرنگی بە شلۆتێربێک بدات.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ناوبراو قسەی لەگەڵ هاوڕێکانی کردووە کە هەواڵی تایبەت بە بۆروسیا دۆرتموند رووماڵ دەکەن و پێیان وایە گرنگیپێدانی ریال مەدرید بە بەرگریکارە ئەڵمانییەکە زۆر جدییە.
فاڵک دەڵێت:
نازانم گفتوگۆکان لەگەڵ بۆروسیا دۆرتموند دەستیپێکردووە یان نا، بەڵام ریال مەدرید چاودێری شلۆتێربێک دەکات، یانە گەورەکانی پرێمەرلیگیش وەکوو لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی بەهەمان شێوە گرنگیان پێداوە. بارسێلۆنا گرنگی پێنادات و بەگوێرەی ئەو دۆخەی تێیدان پێناچێت هیچ شتێکیش بگۆڕێت چونکە لە ئێستا توانای دابینکردنی تێچووی گرێبەستەکەیان نییە.



