تەنیا ئاتاڵانتا ماوەتەوە؛ خولی ئیتاڵی هێندە خراپە؟

یاریگا – ئاتلێتیک
تەنیا ئاتاڵانتا گەیشتە قۆناخی 16ـی ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ، زۆرێک لە ئیتاڵیا بەم دۆخە دەڵێن کارەسات، خولی ئیتاڵی هێندە خراپە؟
لەم وەرزەی چامپیۆنزلیگ تەنیا ئاتاڵانتا گەیشتە قۆناخی 16، پاڵەوانی سێریا ئەی لەسەر دەستی بۆدۆ/گلیمت کرایەدەرەوە، ئەوانی دیکە بە یانەکانی بەلجیکا، هۆڵەندا و تورکیا دۆڕان. سەردێڕی رۆژنامە و پێگەکان سەرجەمیان بریتین لە “کارەسات”. هەڵبژاردەی نیشتیمانیی ئیتاڵیا جارێکی دیکە رووبەڕووی پاشکۆیەکی قورسی جامی جیهانی دەبێتەوە، قەڵەقی بەخێرایی بڵاوبووەتەوە.
ئەمە دووەم وەرزە بەدوای یەکدا تەنیا یەک یانەی سێری ئا دەگاتە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ.

شکست هەمیشە هەرا دروست دەکات، بەڵام بە ئاوڕدانەوەیەک لە 5 ساڵی رابردوو، یانەکانی سێریا ئەی گەیشتوونەتە 8 کۆتایی پاڵەوانییەتییە ئەوروپییەکان. وەرزی رابردوو 5 یانەی خولی ئیتاڵی لە قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ بوون.
یانەکانی ئیتاڵیا تووشی شکستی بەئازار بوونەوە، ئینتەر 5-0 لە کۆتایی چامپیۆنزلیگ بە پاریس سانجێرمان دۆڕا، رۆما بە لێدانی یەکلاییکەرەوە یاریی کۆتایی یۆرۆپالیگی دۆڕاند، فیۆرێنتینا لە کاتی زیادکراودا کۆتایی کۆنفرانس لیگی بە وێستهام دۆڕاند.
شکستەکان زیاتر لە سەرکەوتنەکان دەمێننەوە. رۆما 2022 کۆنفرانس لیگی بردەوە، ئاتاڵانتا 2024 یۆرۆپالیگی بەسەر پشتی بایەر لیڤەرکوزن بردەوە کە شکستی نەبوو. ئیتاڵیا یۆرۆی 2020ـی لە وێمبڵی بردەوە، تیمەکانی لاوان نازناوە ئەوروپییەکانیان بەرزکردووەتەوە. ئەو ساتانە لەم سەردەمەی ئێستادا بەخێرایی کاڵ دەبنەوە.

ناپۆلی ئەم وەرزە بەدەست پێکانەکانەوە دەناڵێنێت و خاوەن راهێنەرێکە، کە ئانتۆنیۆ کۆنتییە و هەرگیز ریکۆردەکانی لە ئەوروپا هاوشێوەی خولە نێوخۆییەکانی نییە. ئینتەر لەلایەن کریستیان چیڤو کە یەکەم ئەرکی گەورەیەتی رابەرایەتی دەکرێت. یوڤێنتوس لە 2025 سێ جار راهێنەری گۆڕیوە و هێشتا باجی گرێبەستە گرانبەهاکانی دەدات.
ساتە بچووکەکانیش گرنگن، گۆڵ لێکرانی دوایین ساتەکان، کارتی سوور لە ساتە گرنگەکاندا، لەدەستدانی هەلی گۆڵەکان. بە وردەکاریی بچووک دۆڕاون نەوەک بەهۆی جیاوازیی زۆری کوالێتییەوە.

سێریا ئەی چیدیکە خولی ساڵانی 80 و 90ـەکان نییە، ناتوانیت رکابەری دارایی پرێمەرلیگ و هێزی تەلەفیزیۆنییە جیهانییەکەی بکات. مەگەر ئەو جیاوازییە ئابوورییە گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەگەرنا دەسەڵاتی ئیتاڵییەکان ناگەڕێتەوە.
نیوەی زیاتری یانەکانی سێریا ئەی ئێستا بێگانەکان خاوەندارییەتی دەکەن. بنیادنانەوەی یاریگاکان پێش یۆرۆی 2032 پلانی بۆ دانراوە، بەهرەمەندە لاوە ئیتاڵییەکان لە خۆگونجاندن بەردەوام دەبن. خولەکە ناجێگیر بووە. یۆرۆیان بردەوە، جامی جیهانییان لەدەستچوو، گەیشتنە کۆتاییەکان، کۆتاییەکانیان دۆڕاند، بەڵام ناجێگیریی بەمانای داڕووخان نایەت.
بەڵێ خولی ئیتاڵی لە ساتێکی خراپدایە، بەڵام ئەمە کۆتایی نییە.



