
یاریگا –
داهاتووی یۆرگن کڵۆپ لەگەڵ رێد بوڵ کەوتووەتە ژێر گومانێکی گەورە بەهۆی ئەوەی ئەو یانانەی کۆمپانیاکە خاوەندارێتیان دەکات ئەنجامەکانیان لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نەبووە.
لەدوای جێهێشتنی لیڤەرپوول لە ساڵی 2024، کڵۆپ سەرپەرشتی سەرجەم تیپەکانی کۆمپانیای رێد بوڵ دەکات، کە بریتین لە یانەکانی لایپزیگی ئەڵمانی، سالزبورگی نەمسای و نیو یۆرکی ئەمریکی.
رۆژنامەی میرەر بڵاویکردووەتەوە، ئەنجامەکانی ئەو یانانە لە ئاست پێشبینی بەرپرسانی کۆمپانیاکە نییە، بەتایبەت ئەنجامەکانی لایپزیگ، کە ئێستا پلەی پێنجەمی بۆندسلیگای گرتووە، بەو ئەنجامەش ناتوانێت بۆ چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوو سەربکەوێت.

هەرچەندە لە رابردوو چەند جارێک کڵۆپ رایگەیاندووە لەگەڵ رێد بوڵ دڵخۆشە، بەڵام دەنگۆکانی گەڕانەوەی بۆ کاری راهێنەرایەتی دەستیانپێکردووە، راهێنەرە ئەڵمانییەکە ناوی بە ریال مەدرید بەستراوەتەوە و پێشبینی دەکرێت جێگای ئالڤارۆ ئاربێلوا بگرێتەوە کە بە شێوەیەکی کاتی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بەڕێوەدەبات.
هاوکات ئەگەری راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیاش لەبەردەم راهێنەرەکەی پێشووی لیڤەرپوول کراوەیە، چونکە لە گرێبەستەکەیدا مەرجێک هەیە کە لە ئەگەری دوورخستنەوەی جولیان ناگلیسمان لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە کڵۆپ بژاردەی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ رێد بوڵ لەبەردەستدادەبێت.
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، رێد بوڵ شوێنگرەوەی کڵۆپی دەستنیشانکردووە و ئۆلیڤیێ گلاسنەر، راهێنەری کریستیاڵ پاڵاسی کردوەتەوە ئامانج کە راهێنەرە نەمساییەکە پێشتر رایگەیاندووە لە کۆتایی وەرز دەست لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەکە هەڵدەگرێت.



