ئیسپانیاگرنگترین

ناوماڵی بارسێلۆنا؛ وەرگرتنەوەی پێشەنگی ریزبەندی و بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە

لە بارسێلۆنا چ باسە؟

Yariga App

یاریگا – ئاتلێتیک

بەخێربێن بۆ زنجیرەی ئەم هەفتەیەی ‘ناوماڵی بارسێلۆنا‘ کە زنجیرەیەکی هەفتانەیە، تۆڕی یاریگا و ئاتلێتیک بە درێژایی وەرزی 2025/2026 پێشکەشتانی دەکەن.

هەموو هەفتەیەک زانیاریی ورد، شیکاریی سەرەکی و گرنگترین زانیارییەکانی ناو یانەی بارسێلۆنا پێشکەشی هاندەرانی بلووگرانا دەکەین.

ئەم زانیارییانە رەنگدانەوەی چەندین گفتوگۆیە لەگەڵ سەرچاوە جیاوازەکانی بارسێلۆنا و زانیارییەکان تەواو متمانەپێکراون.
زۆرترین قسە و باسی ئێستای بارسێلۆنا چییە؟

لە گەڕی 25ـی یارییەکانی لالیگا لە یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆو میوانداری لێڤانتێی کرد و 3-0 یارییەکەی لێ بردەوە، بلووگرانا دیارییەکەی ئۆساسونای رەتنەکردەوە و بە کۆکردنەوەی 61 پێشەنگی ریزبەندی لە ریال مەدریدی رکابەری لەمێژینەی وەرگرت.

زۆر بە خێرایی سەرنجی هەموو لایەک لەنێو یاریگاوە گواسترایەوە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی بارسێلۆنا، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە بارسێلۆنا بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و هەموو ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە بوونی سکاڵایەکی یاسایی لەسەر خوان لاپۆرتا، سەرۆکی پێشووی یانەکە دەکەن، گوایە سپیکردنەوەی پارە لە سەردەمی سەرۆکایەتی ناوبراودا هەبووە. یانەکە ئەو هەنگاوەی بە هەوڵێکی نایاسایی بۆ دەستتێوەردان لە پڕۆسەی دیموکراسی پێش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ناوبرد.

لاپۆرتا ئەو تۆمەتانەی بە نادروست لە قەڵەمدا و رایگەیاند مەبەست لەو هەواڵانە زیانگەیاندنە بە ناوبانگی لە کاتی هەڵبژاردنەکان و هەموو شتەکان ساختەن، تەنیا دەیانەوێت چیرۆکی ناڕاست دروست بکەن. ئاتلێتیک نەیتوانیوە دەستی بە وردەکارییەکانی نێو سکاڵاکە بگات، بەڵام زانیویەتی سکاڵاکە گەیشتووەتە دەست دادگای نیشتیمانی لە مەدرید و تاوەکوو ئێستا هیچ رێکارێکی یاسایی و فەرمی نەگیراوەتەبەر.

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی پێشووی بارسێلۆنا

کەی هەڵبژاردنەکان بەڕێوەدەچن و بەربژێرەکان کێن؟

خوان لاپۆرتا، کە لە ساڵی 2021 بۆ جاری دووەم وەکوو سەرۆکی یانە گەڕایەوە، دوای ئەوەی لەنێوان ساڵانی 2003 تاوەکوو 2010 سەرۆکایەتی یانەکەی بەدەستەوە بوو، جارێکی دیکە پاڵێوراوی سەرەکی بردنەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتییە کە لە 15ـی مارچ/ ئاداری ئەمساڵ بەڕێوەدەچن، نزیکەی 114, 504 ئەندامی یانەکە مافی دەنگدانیان هەیە.

رکابەرەکانی لاپۆرتا بریتین لە؛ ڤیکتۆر فۆنت (گەورە بازرگان)، ماڕک سیریا (بازرگانی ناوخۆیی) و خافێر ڤیلاجوانا (بەڕێوبەری پێشووی یانەکە و لاماسیا) بەڵام هێشتا بە فەرمی نەبوونەتە بەربژێر چونکە هەرکەسێک خۆی بۆ بەربژێری بپاڵێوێت پێویستە 2337 ئەندامی یانەکە پاڵپشتی بکەن و واژۆی بۆ کۆبکەنەوە، تاوەکوو کاتژمێر 9ـی شەوی 2ـی ئادار دەرفەت بۆ کۆکردنەوەی واژۆکان هەیە.

ڤیکتۆر فۆنت، رکابەری سەرەکی خوان لاپۆرتا

لە یارییەکەی رۆژی یەکشەممە چیمان بۆ دەرکەوت؟

بردنەوە بەرامبەر لێڤانتێ یارمەتی تیپەکەی دا کەمێک لەو نیگەرانییانە بڕەوێنێتەوە کە لە چەند یاریی رابردوو سەریانهەڵدابوو دوو شکستی یەک لەدوای یەک بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید و جیرۆنا وای لە هانزی فلیک، راهێنەری یانەکە کرد بە رووی یاریزانەکاندا بتەقێتەوە، ئاتلێتیک هەفتەی رابردوو ئاشکرایکرد، دوای شکستە سەختەکەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، گرژی لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا سەریهەڵداوە و هانزی فلیک رەخنەی تووندی لە ئاستی ئەستێرەکانی یانەکەی گرتووە.

بەهۆی شکستەکەی جیرۆنا کێشە و نیگەرانییەکان بەردەوامیان هەبوو، دەستەی راهێنەران و یاریزانەکان رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی دیکەیان ئەنجامداوە. لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بۆچوونەکانی خۆیان لەسەر شێوازی یاریکردن و تاکتیکەکانی راهێنەر دەربڕیوە، یەکەمین گۆڕانکاریش لە یارییەکەی لێڤانتێ بەدیکرا، کە ماڕک بێرناڵ وەکوو ناوەڕاستکاری بەرگری یاریی پێکرا و سەرەڕای ئاستە بەرزەکەی، گۆڵێکیشی کرد.

گرنگترین هۆکاری بردنەوەی بارسێلۆنا رەنگە بۆ ئاستە ناوەزەکەی جواو کانسێلۆ بگەڕێتەوە. فلیک بۆ دووەم یاریی لەسەریەک ئالیخاندرۆ باڵدێی خستە سەر کورسی یەدەک و لە باڵی چەپ بەشداریی بە کانسیلۆ کرد کە ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکرد و رۆڵێکی گەورەی لە شکاندنی هێڵە بەرگرییە نزمەکەی لێڤانتێ گێڕا.

جواو کانسێلۆ بەرامبەر لێڤانتێ

ئەوەی جێی نیگەرانییە ئاستی دوو هێرشبەرەکەی یانەکەیە، لیڤاندۆڤسکی 10 یارییە تەنیا دوو گۆڵی کردووە، فێران تۆرێس 8 یارییە تەنیا گۆڵی کردووە، ستافی راهێنەران پێیان وایە ئەگەر بارسێلۆنا خەونی گەورەی هەبێت پێویستە هێرشبەرەکانی گۆڵی زیاتر بکەن.

رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و فێران تۆرێس

لە هەمان کاتدا، لامین یامال سەرنجی هەمووی بەلای خۆیدا راکێشا، بەڵام بەهۆی ئاست بەرزییەوە نا، بەڵکوو کاتێک لە خولەکی 88 گۆڕانکاری پێکرا بە تووڕەییەوە بینرا لە کاتێکدا تیپەکەی 3-0 لە پێشەوە بوو. دواتر فلیک لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە گوتی کە یامال هیچ کێشەیەکی نییە و کاردانەوەیەکی شتێکی ئاساییە تەنیا بۆ رۆژنامەنووس شتێکی گەورەیە. یامال بە بردنەوەی ئەو یارییە بۆ گەنجترین یاریزان لە مێژووی بارسێلۆنا کە 100 یاریی بباتەوە لە تەمەنی 18 ساڵیدا، لەدوای ئەو بۆیان کریکچ دێت کە لە تەمەنی 20 ساڵیدا گەیشت بەو ژمارەیە لە بردنەوە و دوابەدوای ئەویش لیۆنێل مێسی دێت کە لە تەمەنی 21 ساڵی ئەو ژمارەیە بردنەوەیەی بەدەستهێنا.

لامین یامال بەرامبەر لێڤانتێ


پێدری چۆن دەرکەوت؟

پێدری لە دوای مانگێک دابڕان بەهۆی پێکان لە ماسوولکەی رانی، لە خولەکی 66 هاتنە نێو یاریگا و لەلایەن هاندەرانی کامپ نۆو بە چەپڵەڕێزان پێشوازی لێ کرا. هاندەرانی بارسێلۆنا پێیان وایە هیوای بردنەوەی نازناوەکەیان لەسەر ئامادەبوونی ناوەڕاستکارە ئیسپانییەکە هەڵچنیوە. پێشبینی دەکرێت لە یاریی گەڕانەوە لە جامی شای ئیسپانیا بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بە سەرەکی یاریی بکات.

پێدری بەرامبەر لێڤانتێ

بابەتی زیاتر

Back to top button