
یاریگا –
دوای شکستە گەورەکەیان بەرامبەر غەڕاف، راهێنەری دهۆک ستایشی هاندەرانی غەڕاف دەکات و هۆکاری شکستەکەش باس دەکات.
لە دوا یاریی قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک لە دەرەوەی یاریگای خۆی و لە یارییەکی بەهێزدا بە ئەنجامی 4 _ 3 بە یانەی غەڕاف دۆڕا، سەفا هادی ناوەڕاستکاری دهۆک لەم یارییەدا دووچاری شکانی لووتی هات و ڕەنگە چەند هەفتەیەک لە یاریگاکان دووربکەوێتەوە.
عەبدولغەنی شەهد، راهێنەری دهۆک لە دوای تەواوبوونی یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا هۆکاری شکستە گەوڕەکەیانی باسکرد و گووتی:
هاندەرانی غەڕاف پاڵەپەستۆی زۆریان لەسەر یاریزانانی ئێمە کرد و کاریگەری تەواویشی دروستکردبوو، بەڵام هۆکاری سەرەکی شکستەکەمان هەڵەی تاکە کەسی بوو لەگەڵ لەدەستدانی هەلەکان لەلایەن یاریزانەکانمانەوە، تۆپی پێیە و بارودۆخەکان قبوڵ دەکەین.
پیرۆزبایی لە غەڕاف و هاندەرەکانی دەکەم، تەواوی ئەم شکستە لە ئەستۆی خۆم دەگرم، هەموو هەوڵێک دەدەین هەڵەکان چارەسەر بکەین و جارێکی دیکە هاندەرانمان دڵخۆش بکەینەوە.
دهۆک بەم شکستە بە 27 خاڵ و بە شێوەی کاتی هاتە ریزبەندی 10ـی خولەکە، یاریی داهاتووش لە یاریگای خۆی میوانداری نەورۆز دەکات، غەڕاف 29 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



