
یاریگا –
دهۆک لە دوا یاریی قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر غەڕافی رکابەری یاریی دەکات.
هەینی ( 20ـی شووباتی 2026 ) لە گەڕی 19ـەو دوا یاریی قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، دهۆک کاتژمێر 9ـی شەو لە یاریگای ناسڕیەی نێودەوڵەتی رووبەڕووی غەڕاف دەبێتەوە، دهۆک بە هۆی پێکانەوە لە توانای پاشەنگ عەبدوڵا و زانا عەلی بێبەش دەبێت، هاڕوون ئەحمەدی ناوەڕاستکاریش بۆ یارییەکە ئامادە دەبێت دوای چاکبوونەوەی لە پێکان.
خالید کردەغلی، یاریزانی بەرگری دهۆک باس لە ئامادەکاری یاریزانەکان بۆ یارییەکە و رێنمایی راهێنەر بۆ یاریزانەکان دەکات:
غەڕاف یانەیەکی باشە چونکە ئەمساڵ بۆ خولی ئەستێرەکانی عێڕاق سەرکەوتوون و ئامانجیان گەورەیە بە مانەوە لە خولەکە بە ریزبەندی باش، غەڕاف دەیەوێت پاڵپشت بە یاریگا و هاندەرانی یاریی بکات، بەڵام ئێمە پلان و رێنمایی تایبەتمان لە راهێنەر وەرگرتووە کە چۆن بتوانین یارییەکە لە بەرژەوەندی خۆمان کۆتایی پێبهێنین.
ئێمە ئامادەین و دەمانەوێت قەرەبووی لەدەستدانی خاڵ لە چەند یاریی رابردوو بکەینەوە، بۆیە پێویستە تەواوی یارییەکە بیر و هۆشمان لەنێو یاریگا بێت و کەمترین دەرفەت بە تیپی بەرامبەر بدەین.
لە دوو یاریی رابردوودا دهۆک نەیتوانیوە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، بە 27 خاڵ هەڵۆکانی چیا لە ریزبەندی نۆیەم دێن، غەڕاف کە رکابەری سەرسەختی دهۆکە 26 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 11ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



