ئارسیناڵ پلان بۆ فرۆشتنی ئەستێرەیەک دادەنێت

یاریگا –
ئارسیناڵ بەهۆی پێکانە بەردەوامەکانی لە کۆتایی وەرز دەرگای رۆیشتن بۆ ئەستێرەیەکی دەکاتەوە.
ئارسیناڵ کاتێک دێتە سەر باسی مامەڵەکردن لەگەڵ یاریزانێک کە بەردەوام پێکانی زۆری هەیە، بێبەزەییانە مامەڵە دەکات، تاکێهیرۆ تۆمیاسۆ یەکێکە لەو یاریزانانەی کە لە رابردوودا بەهۆی بەردەوامی پێکانەکانی، گرێبەستەکەی هەڵوەشێنرایەوە و یانەکەی جێشت.
مایک براون، بەڕێوەبەری پێشووی چاودێر و دۆزینەوەی یاریزانان لە مانچێستەر یونایتد، وێستهام و تۆتنهام و چەند یانەیەکی دیکەش، بە فوتبۆڵ ئینسایدەری راگەیاندووە کە ئارسیناڵ بە دووری نازانێت لە هاویندا بیر لە فرۆشتنی ریکاردۆ کالافیۆری بکاتەوە، ئەگەر گرێبەستی گونجاوی پێبگات.
کالافیۆری بەردەوام بەشێکی گرنگی پێکهاتەی میکێل ئارتێتای راهێنەرە کاتێک ئامادەیە، بەڵام زۆری ژمارەی پێکانەکانی لە ماوەیەکی کەمدا بووەتە کێشە و یانەکەی نیگەران کردووە. راهێنەری یانەکەش سوورە لەسەر هەبوونی پێکهاتەیەکی پشتپێبەستراو و تۆکمە، چونکە ساڵ لە دوای ساڵ تموحی رکابەریکردنیان لەسەر هەر چوار نازناوەکە هەیە.

بەرگریکارە ئیتاڵییەکە لە جامی ئینگلتەرا بەرامبەر ویگان بەهۆی پێکانەکەیەوە لە پێکهاتەی سەرەکی یانەکە دوورخرایەوە و تاوەکوو ئێستا ماوەی دوورکەوتنەوەی دیار نییە.
براون دەڵێت:
ئارسیناڵ هەڵسەنگاندن بۆ کالافیۆری دەکات، ئەگەر تیمی پزیشکی بڕیار بدەن یاریزانەکە تووشی پێکانی زیاتر دەبێت و شتێک هەبێت کاریگەری لەسەر کاتی یاریکردنی و ئەوانە هەبێت، ئەوا دەبێتە کێشەیەکی جدی. سەرسام نابم ئەگەر بەو شێوەیە بێت پلان بۆ فرۆشتنی دابنێن، ئارتێتا دەیەوێت یاریزانەکانی هەموو هەفتەیە ئامادەبن، بەهۆی ئەو پاڵەوانێتیانەی تێیدان، نایەوێت قومار بە دۆخی جەستەیی یاریزانەکانەوە بکات. ئارسیناڵ دەیەوێت لە پرێمەرلیگ، چامپیۆنزلیگ، جامی ئینگلتەرا و جامی خولی هەموو ساڵێک رکابەری بکات و بۆ ئەوەش پێویستیان بە پێکهاتەیەکی تۆکمە هەیە.
ئەگەر کەسێکی وەکوو کالافیۆریت هەبێت کە رەنگە سێ یاری ئامادەبێت و دواتر بۆ چوار یاری پێکان بێت، ئەوە دەبێتە جێگەی نیگەرانی ئەگەر هەرچەندێکیش باش بێت. ئارسیناڵ لە دۆخێکی باشدایە کە یاریزانی دیکەیان هەیە لەو پێگەیە یاری دەکەن و رەنگە مانای ئەوەش بدات ئامادەن دەستبەرداری ببن.



