
یاریگا –
گۆنزالۆ گارسیا، هێرشبەری لاوی ریال مەدرید یەکێکە لە بژاردەکانی بەردەم لویس دێ لا فۆنتێ، راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا.
رۆژنامەی ئاس بڵاویکردووەتەوە، دێ لا فۆنتێ بیر لەوە دەکاتەوە گارسیا بانگێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکات بۆ یارییەکانی مۆندیالی 2026، ئەمەش بەهۆی پێکانی ساموێل ئاگێهۆوا و دوورکەوتنەوەی بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ.

کاریگەرییەکی بێوێنە لە کەمترین دەرفەتدا
ژمارەیەکی گارسیا لەگەڵ مەدرید نایابن و سەلماندوویەتی پێویستی بە کاتی زۆر نییە بۆ درەوشانەوە، ئەستێرە لاوەکە توانیویەتی شەش گۆڵ و دوو ئەسیست بکات لە 950 خولەکدا، هەموو 119 خولەکێک گۆڵێکی کردووە.
گارسیا لە ماوەی راهێنەرایەتی چابی ئاڵۆنسۆ بۆ تیپی یەکەم سەرخرا و لە جامی جیهانی یانەکان توانی بیسەلمێنێت شایستەی دەرفەتی زیاترە و بووە گۆڵکاری جامەکە بە 5 گۆڵ.
دەرفەتی مۆندیال
گارسیا ئێستا لە بەرزترین ئاستدایە و کاتی بانگێشکردنی بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا زۆر گونجاوە بەهۆی نەبوونی هێرشبەرێکی کلاسیک لە پێکهاتەی هەڵبژاردەکە، چونکە میکێل ئۆریزاباڵ و فێران تۆرێس هیچیان هێرشبەری ژمارەی راستەقینە و کلاسیکی نین.


