
یاریگا –
هانزی فلیک، راهێنەری ئەڵمانی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی دڵتەنگی خۆی بە شكستەكەیان بەرامبەر جیڕۆنا دەربڕی.
شەوی رابردوو جیڕۆنا لە یاریگای خۆیدا میوانداری بارسێلۆنای كرد و یارییەكەش بە بردنەوەی خاوەن ماڵ بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک كۆتاییهات، لە میانی یارییەكانی گەڕی 24 لالیگای ئیسپانیا.
یارییەکە مشتومڕێکی زۆری ناوبژیوانی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی یاریزانانی بارسێلۆنا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆڵەی کە جیرۆنا لە خولەکی 86دا کردی، بە پاساوی هەبوونی فاوڵ دژی ژولس کوندێ، لە سەرەتای هێرشەکەدا دەكرد.

فلیک لە لێدوانەکانیدا دوای یارییەکە گوتی، هەست بە بێهیوایی دەکات دوای دۆڕانەکەیان بەرامبەر جیڕۆنا، دانی بەوەدا نا کە تیمەکەی ئاستێکی خراپیان پێشکەش کردووە و شوێن گرتنی یاریزانەکانیش باش نەبووە.
هەروەها روونیشیكردەوە كە یانەكەی هەڵەی تەكنیكی و كاریگەریان كردووە كە بووەتە هۆێ ئەوەی بە ئاسانی گۆڵیان لێبكرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک لە یاریزانەکان کاریگەریی ماندوێتییان پێوە دیار بووە و لەگەڵ پەستانی زۆری یارییەکاندا پێوویستیان بە پشووە، وتیشی متمانەی بە توانای تیمەکەی هەیە بۆ گەڕانەوەی هاوسەنگی.
دەربارەی هەڵە ناوبژیوانییەکانیش، فلیک وتی کە هەمووان گۆڵەکەیان بینی و ئەوەی لەو یارییەدا روویدا بینرا. نامەوێت تیشک بخەمە سەر هەڵەکە، چونکە ئەگەر ئاستێکی باشمان پێشکەش بکردایە بردنەوەمان بەدەستدەهێنا، بەڵام من بڕوام بە بڕیارەكانی ناوبژیوان بۆ ئەو یارییە نییە.
ریال مەدرید بە كۆكردنەوەی 60خاڵ پێشەنگی ریزبەندی لالیگای ئیسپانیای گرتووە و بارسێلۆناش بە 58 خاڵ دووەمە.



