
یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە قوەجەوییە دۆڕا و ئەستێرەیەکی تیپەکەش هۆکاری شکستەکە بۆ گۆڵپارێز و هێلی بەرگری دەگەڕێنێتەوە.
لە گەڕی 18ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، نەورۆز لە یاریگای شەعب لە بەغدا بە ئەنجامی 2 _ 1 بەرامبەر قوەجەوییە شکستی هێنا، وێڕای ئەوەی نەورۆز گێمی یەکەم بە گوڵی نیتۆ ئاکارای هێرشبەری بەڕازیلی پێشکەوت، لە گێمی دووەم دوو گۆڵی لێ تۆمار کراوە و دوای دوو سەرکەوتنی بەدوای یەک نەوورۆز تووشی شکست هات.
موڕتەزا هەدیب، ئەستێرە و ناوەڕاستکاری نەورۆز هۆکاری سەرەکی شکستەکەیانی خستە ئەستۆی گۆڵپارێز و هێلی بەرگری، موڕتەزا دوای تەواو بوونی یارییەکە گووتی:
ئاستێکی باشمان پێشکەشکرد و لەسەر رێگای راست بووین، بەڵام هەڵەی گۆڵپارێز و هێلی بەرگری وایان کرد یارییەکە لەبەرژەوەندی جەوییە کۆتایی بێت، بەڵام ئەوە کۆتایی نیە و دەرفەتی قەرەبووکردنەوەمان لەپێشە، ئێمە رووبەڕووی یانەی پێشەنگ بووینەوە بۆیە ئەم شکستە کاریگەری لەسەر ئێمە نابێت، یارییەکانی داهاتوو دەگەڕێینەوە سەرکەوتن.
سوور پۆشەکانی سلێمانی بە 19 خاڵ لە ریزبەندی 15ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق مانەوە، لە گەڕی داهاتووش لە سلێمانی رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە، قوەجەوییە بە 40 خاڵ پێشەنگی بەهێزتر کرد و گەڕی داهاتوو لە یاریی لووتکەدا بەرامبەر تەڵەبە یاریی دەکات.



