
یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە یارییەکی بەهێزدا رووبەڕووی قوەجەوییە دەبێتەوە، راهێنەری تیپەکەش دەڵێت ئەمە تاقیکردنەوەی راستەقینەیە بۆ یاریزانەکان.
لە گەڕی 18ـی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق، هەینی ( 13ـی شووباتی 2026 ) نەورۆز لە یاریگای شەعب لە بەغدا کاتژمێر 3ـی ئێوارە رووبەڕووی قوەجەوییە دەبێتەوە، لە مێژوودا شەش یارییان بەرامبەر یەکتر کردووە و لە هەرشەش یارییدا قوەجەوییە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
وەلی کەریم، دەربارەی گرینگی یارییەکە و ئامادەکردنی یاریزانەکانی بۆ ئەم یارییە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:
بۆ ئەم یارییە تا ڕادەیەک ئامادەکاری باشمان کردووە، ئەم یارییە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەیە بۆ یاریزانەکان، جەوییە لە پێشەنگی یانەکانە و بە بارودۆخێکی باش تێدەپەڕێ وە خاوەنی بەهێزترین هێلی بەرگرین، هەر کاتێک بەرامبەر یانە جەماوەرییەکان یاریی بکەیت دەبێ بە بەرگری داخراو یاریی بکەیت، دۆخی تیپەکەی ئێمەش باشە تایبەت دوای ئەوەی دوو سەرکەوتنمان بەدوای یەک بەدەستهێناوە.
سوور پۆشەکانی سلێمانی بە تەواوی یاریزانەکان بۆ ئەم یارییە ئامادەن، لە 17 یاریی رابردوو نەوڕۆز 19 خاڵی کۆکردۆتەوە و لە ریزبەندی 15ـی خولەکە دێت، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەڕووی نەجەف دەبێتەوە، قوەجەوییە بە 37 خاڵ لە پێشەنگی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێڕاق دێت.



